بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی "سی ئێن ئێن"، ئەو بانگەشەیەی ئێرانی ڕەت کردەوە کە وتبووی بڕیارە پێش دەستپێکردنی قۆناغی ٦٠ ڕۆژەی دانوستانەکان کە دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنی ڕۆژی هەینی دەست پێ دەکات، چەندین میلیارد دۆلار لە داراییە بلۆکەکراوەکانی وەربگرێتەوە.
ئەم بەرپرسە ئەمریکاییە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند: "ئەم بابەتە بە تەواوی دوورە لە ڕاستییەوە. ئەم ڕێککەوتنە لەسەر بنەمای جێبەجێکردنی بەڵێنەکان داڕێژراوە و هیچ داراییەکی بلۆکەکراو بەبێ ئەوەی ئێران بەڵێنەکانی خۆی جێبەجێ بکات، ئازاد ناکرێت."
ئەم پەرچەکردارە توندەی واشنگتۆن دوای ئەوە هات کە کازم غەریبئابادی، جێگری وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاندبوو کە دەستپێکردنی قۆناغی داهاتووی دانوستانەکان بەستراوەتەوە بەوەی کە واشنگتۆن سەرەتا چەند بەڵێنێکی خۆی جێبەجێ بکات، کە گرنگترینیان ئازادکردنی داراییە بلۆکەکراوەکانی ئێرانە لە دەرەوەی وڵات.