جەیدی وێنس، جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕۆژی یەکشەممە بە هەواڵدەریی "فاکس نیوز"ی ڕایگەیاند، ئەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ ئێراندا کراوە، توانای ئەوەی هەیە کە "ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ ٥٠ ساڵی داهاتوو بە شێوەیەکی بنەڕەتی بگۆڕێت."
وێنس ئاماژەی بە مێژووی پڕ لە ئاڵۆزیی ناوچەکە کرد و وتی: "ئەم شوێنەی جیهان لە درێژەی تەواوی تەمەنی من و تەنانەت پێشتریشدا، هەمیشە ناوچەیەکی پڕ لە گرژی و ململانێ بووە."
جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا جەختی کردەوە کە دۆناڵد ترامپ لەوەی "مەترسیی ئێران بنبڕ بکات" سەرکەوتوو بووە.
ئەو لە درێژەی قسەکانیدا کشانەوەی ناوچەکەی لە دۆخی قەیراناوی بە دەرفەتێک زانی و ڕایگەیاند کە ئێستا توانای "بنیاتنانی سەردەمێکی نوێ لە ئاسوودەیی و سەرکەوتن لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا" ڕەخساوە.
وێنس لە کۆتاییدا وتی: "ڕاشکاوانە بڵێم، دەتوانین لە ڕێگەی ئەو ئاسوودەییەوە، دەستکەوت و قازانجێکی زۆر بۆ خەڵکی ئەمریکاش دابین بکەین."