کوردستان میدیا: ئەنجومەنی شارەوانیی شاری "نۆیئزێنبورگـ"ـی ئاڵمان، کۆبوونەوەیەکی بە مەبەستی زیاتر ناساندنی کورد بەڕێوە برد.
ڕۆژی هەینی،٢٧ی بانەمەڕ، ئەنجومەنی شارەوانیی شاری "نۆیئزێنبورگـ"ـی ئاڵمان، کۆبوونەوەیەکی بە مەبەستی کۆمەڵێک باس و بابەتی پەیوەندیدار بە کاروباری ئەو ناوچەیە بەڕێوە برد.
ئەو کۆبوونەوەیە بۆ ئەندامان و سەرۆک پارلەمان "کریستینە واگنر" و "هۆنکل" شارەداری ئەو شارە و ئەندامانی هەیئەت مودیرەی ئیجرایی حێزبەکانی : سەوزەکان، چەپەکان، سوسیال دێموکرات، یەکیەتیی دێموکراتیکی مەسیحیەکان (CDU)،ڕاگەیاندنە خۆجەییەکان و شۆرای شار پێکهێنا.
لەو کۆبوونەوەیەدا، "کەژاڵ نەقشبەندی" بەرپەرسی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات و ئەندامی ئەو ئەنجومەنە، کە یەکێک لە ڕێکخەرانی ئەو کۆبوونەوەیەش بوو بەشداریی کرد.
لەو کۆبونەوەیەدا باسێکی تێروتەسەل لە سەر کورد، بە تایبەت کوردی ڕۆژهەڵات و ژنان لە نێوان "کریستینە واگنیر و هۆنکل و کەژاڵ نەقشبەندی" هاتە ئاراوە.
سەرنجڕاکێشبوونی ئەو پرسە بوو بە هۆی ئەوەیکە "واگنێر" داوا بکات کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەگەڵ "کەژال نەقشبەندی" سەبارەت بە پرسی کورد و لە حەوتووی داهاتوودا پێک بێنێت.
"کریستینە واگنیر" لەسەر ئەو باوەڕە بوو، کە پێویستە زیاتر لە سەر ئەو مژارە کار بکرێت تا کورد و خەباتی ئەو گەلە بۆ ئازادی و یەکسانی و مرۆڤایەتی لە پارلەمانی ئاڵمان و شوێنە گرینگەکان باس بکرێت و کورد باشتر بناسێنرێت.