کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەیەک سەبارەت بە دۆخی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە سویس بەڕێوە چوو

12:38 - 29 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە وڵاتی سویس، سەبارەت بە دۆخی کوردستانی ڕۆژهەڵات کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ پارتی سۆسیال دێموکراتی سویس پێک هێنا.

ڕۆژی سێشەممە، ٢٧ی خاکەلێوە، شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە سەرپەرەستیی "ڕامیار خادەمی"، بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزب لە وڵاتی سویس، سەردانی بنکەی سەرەکیی "پارتی سۆسیال دێموکراتـ"ـی سویسیان لە شاری "بێرن" کرد.

شاندی حیزب، لە لایەن "پیتر هووگ"، بەرپرسی پێوەندییە نێونەتەوەیییەکانی "پارتی سۆسیال دێموکراتـ"ـی سویسەوە پێشوازیان لێ کرا.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، شاندی حیزب ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلیان سەبارەت بە دوایین ڕووداوەکانی کوردستان و ئێران پێشکەشی "پێتر هووگ" کرد.

 لەو ڕاپۆرتەدا، بە وردی ئاماژە بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و ئێران لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە کراوە.

لە درێژەی دانیشتنەکەدا، شاندی حیزب، ڕێژەیەکی بەرچاو بەڵگە و دێکۆمێنتیان، لە پێوەندی لەگەڵ "کوشتنی کۆڵبەران، لەسێدارەدانی لاوان، گرتن و بێسەروشوێنکردنی خەڵکی کوردستان و سووتاندنی دارستانەکان و ژینگەی کوردستان" خستووەتە بەر سەرنجی بەرپرسی باڵای پارتی سۆسیال دێموکراتەوە.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، شاندی حیزب داوایان لە بەرپرسان و پارلەمانتارانی سەر بە پارتی "سۆسیال دێموکرات" لە پارلەمانی سویس کرد، کە زیاتر بایەخ بە دۆخی "مافی مرۆڤ" لە کوردستان بدەن و لە ڕێگای لێژەنە پێوەندیدارەکانی پارلەمانی سویسەوە کە پارلەمانتارانی ئەم پارتە سەرۆکایەتی بەشی زۆری لێژنە و کۆمیسیونەکانی ئەو پارلەمانە دەکەن، بۆ پێشگرتن بە تاوانەکانی ڕێژیم لە کوردستاندا یارمەتیدەر بن.

لە کۆتاییی کۆبوونەوەکەدا، بەرپرسی پێوەندییە نێونەتەوەیییەکانی پارتی سۆسیال دێموکراتی سویس، دووپاتی کردەوە، کە پارتەکەیان وەک ڕابردوو، پشتیوانی لە مافی خەڵکی کوردستان و خەباتی حیزبی دێموکرات دەکات و هەوڵەکانیان لەو پێناوەدا زیاتر و بەرینتر دەکەن.