ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاویی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە ئامریکا بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان ٧٥ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان وێبینارێکی بەڕێوە برد.
ئەو وێبینارە لەلایەن "ئیسماعیل ئیبراهیمی" چالاکی سیاسی و نوێنەری حیزبی دێموکرات لە وڵاتی "کانادا" بەڕێوە چوو.
ئەو وێبینارە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد.
پاشان "ئیسماعیل ئیبراهیمی" باسێکی لەسەر چۆنییەتی پێکهاتنی کۆماری کوردستان، مەسەلەی نەتەوایەتی و گرینگیدان بە بیری نەتەوەیی کرد و ئاماژەی بە بوونی دەستی دەرەکی بۆ لەنێوبردنی ئەو بیرە لەنێو خەڵکی کورددا کرد و ڕۆڵی ئیدئۆلۆژیی چەپ و دوژمنانی نێوخۆ و دەرەوە کە بەرژەوەندیی کوردیان خستووەتە مەترسییەوە خستە بەر باس.
ناوبراو لە ناوەرۆکی باسەکەیدا پەرەژایە سەر دوو بابەت کە بریتی بوون لە دەوڵەت و نەتەوە، ئەوەیکە دەوڵەت، نەتەوە دروست دەکات؟ یان نەتەوە دەوڵەت دروست دەکات؟
لە بەشێکی دیکەی وێبینارەکەدا باس لە کەسایەتیی پێشەوا قازی محەممەد و هەروەها دوکتور قاسملوو وەک کاریزمایەک کرا، "ئیسماعیل ئیبراهیمی" باسی لە پێگە و ڕۆڵی حیزبی دێموکرات لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا کرد .