کوردستان میدیا: کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئامریکادا، بە بۆنەی بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران ڕێوڕەسمێکی بەڕێوە برد.
ڕۆژی یەکشەممە،١ی بانەمەر، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئامریکادا، بە بۆنەی بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران، لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکاوە، ڕێوڕەسمێکی بە بەشداریی ڕێکخراوە سیاسییەکان و کوردەکانی هەر چوارپارچەی کوردستان بەڕێوە برد.
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.
لەم ڕێوڕەسمەدا، ''ئارش ساڵح''، نوێنەری حیزبی دێموکرات لە وڵاتی ئامریکادا، باسێکی لەسەر گرینگی بڕیارەکەی ئامریکا و خێرایی ئاڵوگۆڕەکان لە ڕۆژهەلاتی نێوەڕاستدا پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.
هەروەها ئارش ساڵح باسی لەوە کرد، کە ئێمە لە هەوڵەکانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ لاوازکردنی ڕێژیمی تێرۆریستپەروەری ئێران پێشوازی دەکەین.
نابراو لە کۆتاییی قسەکانیدا، سەبارەت بە پەیامی مستەفا هیجری، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەبارەت بەو کەسانەی لە کوردستان لەگەڵ سپای پاسداران پەیوەندیان هەیە، بە گەڕێنەوە بۆ باوەشی گەل ئاماژەی کرد.
هەروەها، لەم ڕێوەڕەسمەدا ''جەلیل ئازادیخواز''، نووسەر و ڕۆژنامەنووس لەسەر ڕەوابوونی خەباتی کورد و عەقڵانیبوونی دیسکۆرسی ئەو بزووتنەوەیە باسێکی پێشکەش کرد.