ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٩ـی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی کۆمیتەی گشتیی حیزب لە وڵاتی ئامریکا، بە بۆنەی ٢٢ـی پووشپەڕ ساڵوەگەڕی شەهیدانی ڤییەن وێبینارێکی بەڕێوە برد.
سەرەتای ویبینارەکە بە سروودی نەتەوایەوتی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.
پاشان "ڕەحیم ڕشیدی" بەرپرسی گشتیی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی ئامریکا، بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد و لەسەر نەخش و ڕۆڵی کاریگەر و پڕبایەخی شەهید دوکتور قاسملوو لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستاندا قسەی بۆ بەشدارانی وێبینارەکە کرد.
دواتر "فەریبۆرز جەباری" بەرپرسی کۆمیتەی ناوچەی ناشڤیل ڕیزبەندی وێبینارەکەی خوێندەوە و پاشان داوا لە "کەریم پەرویزی" ئەندامی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکرات کرا کە باسەکەی خۆی بەو بۆنەوە پێشکەش بکات.
"کەریم پەرویزی" وەکوو کۆرگێڕی وێبینارەکە باسی لە لایەنە جۆراوجۆرەکانی ژیان و کەسایەتی بەرزی دوکتور "قاسملوو" و شەهید "عەبدوڵڵا قادری ئازەر" کرد.
"پەرویزی" بە وردی باسی لە ڕۆڵ و کاریگەری دوکتور قاسملوو لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورددا کرد و پێداگری لەسەر درێژەدان بە ڕێبازی "قاسملوو" کردەوە.
لەو وێبینارەدا ئەندامانی حیزب لە وڵاتی "کانادا"ش چالاکانە بەشدارییان کرد.