کەریم پەرویزی
وڵاتێک یان نەتەوەیەک کە دەکەوێتە ژێردەستی دەسەڵاتێکی دیکە، لە سەرەتاکانی ئەو ژێردەستەییەدا هەوڵێکی یەکجار زۆر و خوێنێکی فراوان دەدا تاکوو ئەو ژێردەستەبوونە قبووڵ نەکا و رێگە نەدا کە دەسەڵاتی داسەپاو بە سانایی پەل بۆ هەموو لایەک بهاوێ و نەک دەسەڵاتی نیزامی بەڵکوو هێزی سیاسی و کۆمەڵایەتیشی بەسەر نەتەوە ژێرستەمەکەدا بسەپێنێ.
نەتەوەی کوردیش چ لە دەورانی حکوومەتی پاشایەتیی پاڵەویدا و چ لە دوای هاتنە سەرکاری رێژیمی خومەینییەوە، خوێن و خەباتی زۆری داوە تاکوو رێگا بە داسەپینی هەمەلایەنەی دەسەڵاتی ستەمکاری ناوەندی نەدا.
ئەوەی لە رابردوودا روویان داوە، مێژوو هەڵگری لاپەڕە تۆمارکراوەکانی خەباتی نەتەوەی کوردە. هەوڵ و تێکۆشان و خەباتی نەتەوەی کورد ئەوە بووە کە گەر رێژیمی ستەمکاری تاران لەباری هێزی نیزامییەوە بەهێزترە و بە چەکوچۆڵی فراوانی رێژیمی پێشوو و هەروەها ئەو چەکوچۆڵانەی بە تازەیی شوێنەکانی دیکە پێیان داوە، توانیویەتی سوپا و لەشکەرە داگیرکەرەکەی لە کوردستاندا بسەپێنێ، بەڵام رێگا بە داسەپینی هێژمۆنیی رێژیم نەدا.
رێژیمی ئیسلامیی تاران، تەنیا تەماحی نیزامیی نەبووە. هەرچەند تەماحی نیزامی و هێرشی لەشکری، سەرەتای داسەپاندنی دەسەڵاتە، بەڵام رێژیمی زاڵ هەوڵی داوە کە ئاکامی هێرشە نیزامییەکەی بکا بە سڕینەوەی ئیرادەی کوردستان.
لە ماوەی چل ساڵ لە دوای فەرمانی جەهادی خومەینی بە دژی کوردستان و کورد، تاکوو ئێستاش ئەم رێژیمە بە سیاسەت و پیلانی جۆربەجۆر هەوڵی داوە کە کوردستان وەکوو سەرچاوەی دژبەری لەگەڵ رێژیمی داسەپاودا نەمێنێتەوە و هەوڵی داوە کە چ بە رێگای ئەمنیەتی و چ بە رێگای نیزامی و چ بە رێگای هرووژمی فەرهەنگی و جینۆسایدی لاوان و شەڕی تریاک و وێرانکردنی ئابووری و درزخستنە کۆمەڵگای کوردستان و ... بە دەیان و سەدان رێگای دیکە، بتوانێ سەرکەوتنی کۆتایی بە سەر کوردستاندا رابگەیەنێ.
بۆ رێژیمی کۆماری ئیسلامی خاڵێکی وەرچەرخان و "حەیسیەتی" بووە کە بتوانن ئیرادەی خۆڕاگری لە کوردستاندا تێک بشکێنن. تەنانەت ئەو کەموکووڕی و گرفتە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییانەش کە لە نێو کوردستاندا هەن، بە سەدان بەرابەر زەقی کردوونەتەوە تاکوو، دەروونی نەتەوەی کورد تێک بشکێنێ.
بەڵام نەتەوەی کورد و رۆڵەکانی ئەم گەلە لە رێگای جۆربەجۆرەوە ئەوەی لە دەستیان هاتووە کردوویانە تاکوو گاڵتە بە هێژمۆنیی کۆماری ئیسلامی بکەن.
لە مانەوەی رۆڵە فیداکارەکانی گەلەوە لە سەر چیا سەرکەشەکانی کوردستانەوە بگرە، تاکوو پێشکەشکردنی لاپەڕەیەک بە زمانی کوردی بە جامانەوە بە تاکەکانی کۆمەڵگا، ئەو رێگا فراوانانە بوون کە نەتەوەی کورد بەم رێژیمەی گوتووە : "نا"
سەرکەوتنی نیزامی و لەشکری، سەرکەوتنێکی واقیعی و کۆتایی نییە؛ هەروەک نەتەوەی کورد سەلماندوویە کە تۆپ و تانک و مووشەک و دەزگای داپڵۆسێنەر ناتوانێ ئیرادەی "نا" وتنیان لێ بستێنێ.