کوردستان میدیا: کۆڕێکی پرسە و ڕێزگرتن بۆ تێکۆشەری ماندوونەناس کاک کەریم حەداد، لە وڵاتی سوئید بەڕێوە چوو.
ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٦ی سەرماوەزی ١٣٩٧ی هەتاوی، تەرمی پیرۆزی کاک کەریم حەداد، لە نێو ئاپۆرای بنەماڵە، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران، نوێنەرانی چەندین حیزب و لایەنی سیاسی، کولتوری و خەڵکێکی زۆری دیاسپۆرای کورد، لە شاری ڤیسترۆسی سوئید بە خاک ئەسپێردرا.
پاش ئەوەی کە کاک کەریم حەداد ئەسپەردەی خاک کرا، هەموو بەشداران کە نزیک بە ١٠٠٠ کەس دەبوون، لە ساڵۆنێکدا بۆ ڕێزگرتن لەو کەسایەتییە کۆ بوونەوە.
ڕێوڕەسمەکە، بە ڕاگرتنی خوڵەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی هاوڕێی کۆچکردوومان کاک کەریم و هەموو شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.
پاشان لە لایەن "ئەحمەد حەداد"ەوە کوڕە گەورەی کاک کەریم، بە نوێنەرایەتیی بنەماڵەی گەورەی حەداد، حەسەنپوور و حەکیمزادە بەخێرهاتنی بەشداران کرد و سپاسی ئامادەبووانی کرد، بۆ بەشداری و ڕێزگرتن لە تێکۆشەر کاک کەریم.
لەو کۆڕەدا دوو پەخشان لە لایەن "عەزیز مورادپەرەست" و " فاروق دەروێشی" خوێندرایەوە.
پاشان ژیاننامەی کاک کەریم حەداد، لە لایەن "تەوار مووسەوی" نەوەی کاک کەریم حەداد، پێشکەش کرا.
دواتر کورتەیەک لە بیرەوەری لەسەر کەسایەتیی کاک کەریم، لە لایەن مامۆستا عەبدوڵڵا ساڵح بۆ بەشدارانی ڕێوڕەسمەکە گێڕدرایەوە.
لەو ڕێوڕەسمەدا، چەند وتارێک لە لایەن "بیهروز کوردئەحمەدی" و باسێک لەسەر تێکۆشەر کاک کەریم حەداد، لە لایەن "ئەحمەد کاکەمەمی" پێشکەش کرا.
هاوکات لەو ڕێوڕەسمەدا ئەو پەیام و وتارانە خوێندرانەوە:
ـ پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێمووکراتی کوردستانی ئێران لە سوئید
ـ پەیامی پارتی دێموکراتی کوردستان
ـ پەیامی هاوڕێیانی پێشوو
ـ پەیامی بزووتنەوەی گۆڕان
ـ پەیامی مامۆستا مەلا حەسەن شیوەسەڵی
ـ پەیامی مامۆستا محەممەد جوانڕۆیی
ـ پەیامی کۆمەڵەی کولتووری کوردی ڤیسترۆس
ـ برووسکەی هاوخەمیی عەلی سمکۆ نەوەی سمکۆی شکاک
ـ فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکانی هەرێمی ٢
کۆڕی ڕێزگرتن لە تێکۆشەر کاک کەریم به سپاسنامەی بنەماڵەی ناوبراو، کە لە لایەن "شاهۆ حەسەنپوور"ەوە خوێندرایەوە؛ کۆتایی پێ هات.