کوردستان میدیا

هەینی 9ی جۆزەردان 2720
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كۆمه‌ڵگای تاكه‌كان

17:39 - 15 خاکەلێوه 2720

كه‌ریم په‌رویزی

باسێكی گرنگ و مشتومڕێكی دێرین له‌ نێوان دوو ڕه‌وتی بیركردنه‌وه‌دا هه‌یه‌ و بریتییه‌ له‌وه‌یكه‌ له‌ نێوان تاك و كۆمه‌ڵگادا كامیان له‌ پێشه‌وه‌ن و ویست و بڕیار و به‌رژه‌وه‌ندیی كامیان له ‌پێشه‌.

ئه‌م باسه‌ فیكرییه‌، دوو سه‌ری په‌ڕگیری هه‌بووه‌ كه‌ یه‌كێكیان تاكی به‌ بنه‌ما زانیوه‌ و ده‌ڵێ كه‌ هه‌موو كات ده‌بێ كۆمه‌ڵگا و یاساكانی بكرێته‌ قوربانیی به‌رژه‌وه‌ندی و ئازادییه‌كانی تاك و بیركردنه‌وه‌ی ئه‌وپه‌ڕی توندیش پێی وابووه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگا بنه‌مای بیركردنه‌وه‌ و داڕشتنی هزر و یاسایه‌ و تاك هیچ جێگه‌یه‌كی نییه‌ و تاك ده‌بێ هه‌موو كات و له‌ هه‌موو دۆخێكدا بكرێته‌ قوربانیی كۆمه‌ڵگا. له‌ نێوان ئه‌م دوو قوتبی په‌ڕگیره‌شدا بیركردنه‌وه‌ی نێوندگیریش هه‌بوون كه‌ هه‌وڵی پێكهێنانی باڵانسیان داوه‌.

به‌ڵام به‌ درێژایی لانیكه‌م مێژووی هاوچه‌رخ، ئه‌و باس و مشتومڕه‌ به‌ ئاكام نه‌گه‌یشتووه‌ و هه‌ر لایه‌نێكی فیكری نموونه‌ی سه‌لمێنه‌ری بۆ خۆی دوزیوه‌ته‌وه‌ و حكوومه‌ته‌كانیش به‌پێی به‌رژەوه‌ندی و سیاسه‌تی ڕۆژ و كات، یه‌كێك له‌وانه‌یان له‌به‌رچاو گرتووه‌ و پێڕه‌ویان كردووه‌.

به‌ڵام ئێسته‌ نه‌خۆشییه‌ك و له‌ ڕاستیدا په‌تایه‌كی جیهانی هاتووه‌ كه‌ هه‌موو قوژبنێكی دونیای ته‌نیوه‌ و هیچ وڵاتێك به‌دوور له‌م نه‌خۆشییه‌ نه‌بووه‌ و نابێ و له‌وه‌ش گرنگتر، ئه‌م نه‌خۆشییه‌ هه‌ژار و دەو‌ڵه‌مه‌ند و ده‌سڕۆیشتوو و بێده‌سه‌ڵاتی به‌لاوه‌ یه‌كه‌ و هه‌موو كه‌س له‌ مه‌ترسیی تووشبوونیدایه‌.

په‌تای كۆرۆنا، زۆر شتی به‌ كۆمه‌ڵگا هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه‌ و زۆر هه‌ڵسوكه‌تی كۆتایی پێهێناوه‌ و دوای ته‌واوبوونی ئه‌م په‌تایه‌ش، به‌دڵنیاییه‌وه‌ دونیای پاش كۆرۆنا، ئیدی هاوشێوه‌ی پێش كۆرۆنا نابێ به‌ڵام له‌م باسی هه‌ڵبژاردن له‌ نێوان تاك و كۆمه‌ڵگاشدا په‌تای كۆرۆنا هه‌ندێ قسه‌ی پێیه‌ كه‌ پێویسته‌ گوێی لێ بگیرێ و بیری لێ بكرێته‌وه‌ بۆ داهاتوو.

په‌تای كۆرۆنا له‌ ڤیرووسێكی یه‌ك میكرۆنییه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كا كه‌ هچ چاوێك نایبینێ و كه‌ ده‌ڕواته‌ له‌شیشه‌وه‌ ڕه‌نگه‌ تا دوو حه‌وتوو هیچ نیشانه‌یه‌كی لێوه‌ده‌ر نه‌كه‌وێ! به‌ڵام زۆر به‌ ئاسانی ده‌توانێ له‌و ماوه‌یه‌دا له‌ له‌شێكدا ته‌شه‌نه‌ بستێنێ و له‌وه‌وه‌ بگوازرێته‌وه‌ بۆ مرۆڤی دیكه‌! نه‌ك ته‌نیا یه‌ك مرۆڤی دیكه‌، به‌ڵكوو به‌ شێوه‌ی ڕێژه‌یی ده‌ڵێن هه‌ر تووشبوو ده‌توانێ سێ كه‌سی دیكه‌ تووش بكا، ئه‌ویش له‌ ماوه‌ی چه‌ند چركه‌یه‌كدا! به‌و پێیه‌ ده‌بینین كه‌ چه‌ند مانگێك ده‌كێشێ‌ تاكوو ژماره‌ی تووشبووان بگاته‌ سه‌د هه‌زار كه‌س، به‌ڵام له‌ چه‌ند حه‌وتوودا ده‌بێته‌ دووسه‌د هه‌زار و له‌ چه‌ند ڕۆژدا ده‌گاته‌ یه‌ك میلیۆن كه‌س و له‌ ڕۆژانی داهاتوودا ده‌بێته‌ ده‌یان میلیۆن كه‌س!!

ئه‌م ڤیرووسه‌ هه‌رچه‌ند خۆی ئازار و ده‌رد و ناخۆشی و مه‌رگی به‌دواوه‌یه‌، به‌ڵام وه‌كوو هێڵێكی فۆسفۆری، ڕێگاكانی ڕۆیشتنی خۆی دیاری و ده‌ستنیشان ده‌كا و دووباره‌ نیشانی دایه‌وه‌ كه‌ زنجیره‌ی پێوه‌ندییه‌كانی مرۆڤ تا چ ڕاده‌یه‌ك تێك چڕژاون!

گه‌ر كه‌سێك جاران بیری ده‌كرده‌وه‌ كه‌ ته‌نیا خۆی و تاكی خۆی گرنگه‌ و چی به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا دێ با بێ، ئه‌و ده‌توانێ خۆی ده‌رباز بكا؛ به‌ڵام ئێسته‌ له‌ په‌تای كۆرۆنادا نیشانی دایه‌وه‌ كه‌ هیچ تاكێك دابڕاو له‌ كۆمه‌ڵگا نییه‌ و كۆمه‌ڵگا هه‌رچی به‌سه‌ر بێ، تاكیش تووشی ئازار ده‌كاته‌وه‌. هه‌ر له‌ولاشه‌وه‌ سه‌لماندییه‌وه‌ كه‌ وانییه‌ كه‌ گه‌ر تاكێكی دوورده‌ست له‌ وڵاتێكی دووركه‌وتوو ئازار بكێشێ، پێوه‌ندیی به‌ مرۆڤه‌كانی كۆمه‌ڵگاكانی دیكه‌وه‌ نییه‌ و ئه‌وان ده‌توانن ‌به‌ ئاسووده‌یی بژین!

كۆرۆنا پێمان ده‌ڵێته‌وه‌ كه‌ له‌نێوان كۆمه‌ڵگا و تاكه‌كانی كۆمه‌ڵدا هیچیان له‌پێش نین، به‌ڵكوو كۆمه‌ڵگا له‌ تاكه‌كان پێك هاتووه‌ و ئاسووده‌یی و ڕه‌نجی هه‌ركامه‌یان ئاسووده‌یی و ڕه‌نجی ئه‌وی دیكه‌یه‌. هێڵه‌ فۆسفۆرییه‌كانی كۆرۆنا پێمانی سه‌لمانده‌وه‌ كه‌ تاكی دابڕاو بوونی نییه‌ و كۆمه‌ڵگای به‌خته‌وه‌ر ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ كه‌ تاكه‌كانی به‌خته‌وه‌ر بن. ڤیرووسی كۆرۆنا له‌گه‌ڵ هه‌موو ناخۆشییه‌كانی، دووباره‌ وه‌بیری هێناینه‌وه ‌كه‌ چ جۆرە بوونه‌وه‌رێكی زیندووین و چۆن پێویستمان به‌یه‌كه‌ و پێكه‌وه‌ گرێدراوین!