کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كۆنگرەی نەتەوەكانی ئێرانی فێدراڵ: بایكۆت كردنی هەڵبژاردن بەرامبەرە بە بەهاری عەرەبی بۆ ئێران

00:41 - 8 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: كۆنگرەی نەتەوەكانی ئێرانی فێدراڵ لەبەیاننامەیەكدا هەڵبژاردنی یازدەهەمین خولی شانۆی سەركۆمارییان لەئێران بایكۆت كرد و داوایان لەنەتەوە بندەستەكانی ئێران كردووە لەو شانۆگەرییەدا بەشداریی نەكەن.


بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، لەبەیاننامەی نەتەوەكانی ئێرانی فێدراڵدا داوا لەسەرجەم نەتەوەكانی ئازەری، بەلووچ، كورد، عەرەب توركەمەن، لوڕ و مازەندەرانی و ...هتد، کراوە بەلەبەر چاو گرتنی سیاسەتە دژە مرۆییەكانی رێژیمی ئێران لە ئینتساباتی سەركۆمارییدا بەشداریی نەكەن.
لەبەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا نووسراوە، كاتی ئەوە هاتووە كە خەڵكی ئێران ئەو هەڵبژاردنە بكەنە قەیرانێكی چارەسەر نەكراو بۆ رێژیم و لەناو دڵی ئەو قەیرانەوە بزووتنەوەیەكی جەماوەریی هاوشێوەی بەهاری عەرەبی دروست بكەن و هەتا گۆڕینی رێژیمی ئێرانی لێبكەوێتەوە.
كۆنگرەی نەتەوەكانی ئێرانی فێدراڵ لەو باوەڕەدایە، ئەو شانۆی هەڵبژاردنە دەرفەتێكی زۆر باشی بۆ خەڵكی ئێران دروست كردووە و دەکرێ بەهاری عەرەبی بە دوای خویدا بێنێت و خەڵکی لەو رێگایەوە دەتوانن بۆ هەمیشە لەدەست ئەو رێژیمە رزگاریان بێت.
لەدرێژەی بەیاننامەكەدا هاتووە، ئێمە زۆر بەباشی ئاگاداری ئەوە هەین كە هەركەسێك ناوی لەسەندووقەكانی دەنگدان بێتە دەرێ‌ نوێنەری راستەقینەی خەڵك نیە و لەراستای ویستەكانی خەڵكدا هەنگاو هەڵناهێنێتەوە.
چەند رۆژ لەمەوبەریش حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران و كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران لە راگەیەندراوێكی هاوبەشدا هەڵبژاردنی رێژیمی ئێرانیان بایكۆت كردبوو.

ئەو دوو حیزبە لەو بڕوایەدابوون، تەحریم كردن و بەشداری نەكردن لە ١١هەمین خولی هەڵبژاردنی سەركۆماری كە رۆژی ٢٤ی جۆزەردانی ئەم ساڵ بەرێوە دەچێ، پڕماناترین هەڵوێستیكە كە دەتوانێت گەورەترین پەیامی سیاسیی خەڵكی كورد بگەیەنێتە گوێ حاكمییەت و رای گشتیی جیهان.