کوردستان میدیا: یادی ٧٤ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموكراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی دانمارکدا پیرۆز كرا.
ڕۆژی شەممە، ١٩ی گەلاوێژ، بە بەشداریی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموكراتی کوردستانی ئێران و نوێنەرانی حیزب و ڕێكخراوە كوردستانییەكان، ڕێوڕەسمی ٧٤ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموكراتی کوردستانی ئێران، لە شاری "ئاڵبۆرگـ"ـی دانمارک بەڕێوەچوو.
سەرەتای ئەو ڕێوڕەسمە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاكی شەھیدانی ڕێگای ڕزگاریی كوردستان دەستی پێكرد.
دواتر پەیامی كۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، لە وڵاتی دانمارک، لە لایەن "سەلام سدیقی"، بەرپرسی كۆمیتە ناوچەی "ئاڵبۆرگ" پێشكەش كرا.
"سدیقی"، لە بەشێک لە پەیامەكەیدا، وێڕای پیرۆزبایی ئەو ڕۆژە لە ھەموو ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموكرات، باسی لە خەبات و قۆناغەكانی لە ماوەی ٧٤ ساڵی دەربازبوودا كرد و ئاماژەی بە وتاری نەتەوەیی حیزبی دێموكرات و خەڵكیبوونی ئەو حیزبە كرد.
پاشان، كۆمەڵێک پەیامی پیرۆزبایی كە بەو بۆنەوە بۆ حیزبی دێموكراتی کوردستانی ئێران ھاتبوون خۆێندرایەوە كە، بریتی بوون لە: "كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان، پارتی كرێكارانی كوردستان، سازمانی خەبات، پارتی دێموكراتی كوردستان و یەكیەتییەكانی ژنان و لاوانی دێموكراتی كوردستانی ئێران".
بەشی كۆتایی ئەو ڕێوڕەسمە بە شایی و گۆڤەندی بەشداران و بە دەنگی ھونەرمەندان "شێركۆ مەریوانی" و "دیلبەر جزیری" ڕازایەوە و تا دەرەنگانی شەو درێژەی ھەبوو.