کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیدارەی ئیتلاعاتی پاوه داوا لە خەڵک دەکات دژی حیزبی دێموکرات سیخوڕی بکەن

16:52 - 21 پووشپەڕ 2716

کوردستان میدیا: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری پاوە لە پەیامێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا داوای لە خەڵک کردووە کە دژی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سیخوڕی بکەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری پاوە ماوەی چەند ڕۆژه کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تۆڕی تێلگرام‌دا داوای لە خەڵکی هەورامان کردووە کە دژی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات سیخوڕی بکەن و شوێن و جێگای پێشمەرگان لە ناوچەدا ئاشکرا و بە ئیدارەی ئیتلاعات ڕابگەیەنن.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند کە بەرپرسانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری پاوە لە تۆڕی تێلگرام‌، لە پەیامێکدا داوای لە خەڵک کردووە کە هاتوچۆی گوماناوی بۆ مەنزڵی سەڵتەکان، کڕینی خۆراکی ئامادە وەک کۆنسێرو، کاڵباس و سوسیس بە ڕێژەیەکی زۆر لە لایەن هەر کەسێکەوە بە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە ڕابگەیەنن تا شوێن و کەسانی دیاریکراو لە لایەن مەئموورانی ئەو ئیدارەیەوە بپشکنرێت یا بخرێتە ژێر چاوەدێرییەوە.

لەو پێوەندییەدا هەنووکە دوکان و فرۆشگاکان بەرپرسیار کراون کە ئەو کەسانەی خۆراکی زۆر وەک کۆنسێرو، کاڵباس و سوسیس دەکڕن بە ئیدارەی ئیتلاعات ڕابگەیەنن.

بەرپرسانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی داگیرکەری ئێران لە شاری پاوە ئەو داواکارییەیان لەژێر ناوی شەڕ دژی داعش و پێشگرتن لە خراپکارییەکانی گرووپی داعش لە شوێنە گشتییەکانی پاوه ڕاگەیاندووە. ئەو بانگەشە سەخیفانەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لەکاتێکدایە لە کەس شاراوە نیە کە گرووپی تێرۆریستیی داعش لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانیی لێ دەکرێت و تا ئێستا لە هیچ شوێنێکی ئێران خراپکاری نەکردووە، تا ئەمجارە لە شاری پاوە ئەو کردەوەیە دووپات بکاتەوە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لەو بارەیەوە ئاشکرای کرد کە ڕوون و ئاشکرایە مەبەست لەو داواکارییەی ئیدارەی ئیتلاعات و موکەڕەم‌قادرییەکان داعش نیە و تەنیا سیخوڕی لەسەر پێشمەرگە و ڕۆڵەکانی کوردستانە.

هەروەها هیچ بەدوور نیه کە ڕێژیمی تێرۆریستیی ئیسلامیی ئێران نە تەنیا لە شاری پاوە، بەڵکوو لە هەموو شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەست بداته تەقینەوەی ناڕوون و بەرپرسیارەتییەکەی بخاتە ئەستۆی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.