کوردستان میدیا

یەکشەممە 25ی رەزبەر 2721
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیدئۆلۆژیی ئیكسپایه‌ر

21:55 - 15 رەزبەر 2721

كه‌ریم په‌رویزی

شتومه‌ك و ئامراز و هه‌موو شته‌كانی جیهانی به‌رهه‌ست، كاتێكی دیاریكراویان هه‌یه‌ و به‌ تێپه‌ڕبوونی كات و ته‌مه‌نیان، كاردانه‌وه ‌و به‌هره‌ی خۆیان نابێ‌. له‌ نێو هه‌موو شته‌كانیشدا، به‌تایبه‌تی ده‌رمانه‌كان كه‌ له‌شی مرۆڤ چاك ده‌كه‌نه‌وه‌ گه‌ر ته‌مه‌نیان به‌سه‌ر بچێ و به‌واتایه‌ك ئێكسپایه‌ر بن، ئیدی نه‌ك به‌هره‌‌یان نامێنێ به‌ڵكوو ده‌بنه‌ ژه‌هر و له‌شی مرۆڤ وێرانتر ده‌كه‌ن.

ئیدئۆلۆژی و بۆچوونه‌كانیش كه‌ وه‌كوو ده‌رمان بۆ بیر و هزری مرۆڤه‌كانن گه‌ر ته‌مه‌نیان به‌سه‌ر بچێ و ئێكسپایه‌ر بن، ده‌بنه‌ ژه‌هر بۆ له‌شی مرۆڤه‌كان و ته‌نانه‌ت سیستمه‌كانیش.

له‌ ئێرانی دوای ته‌واوبوونی قاجاردا، سیستمێكی ئیدئۆلۆژیكی كۆلۆنیاڵیستی دامه‌زراوه‌ كه‌ سه‌د ساڵه‌ به‌و ئیدئۆلۆژییه‌وه‌ كه‌ دوای هاتنی خومه‌ینی، ویلایه‌تی فه‌قیهیش تێكه‌ڵ بووه‌، ده‌سه‌ڵاتداری ده‌كه‌ن.

له‌م ماوه‌یه‌ی ڕابردوودا هه‌ندێ ڕووداو له‌ ده‌وروبه‌ری ئێران هاتنه‌ ئاراوه‌ كه‌ به‌ته‌واوی ده‌ر‌خه‌ری ئێكسپایه‌ربوونی ئیدئۆلۆژیی حاكم له‌ تارانه‌ و وه‌كوو ژه‌هریش ده‌بێته‌ هۆی له‌نێوچوونی سیستمه‌كه‌ و ئازاری زۆریش تووشی وڵاته‌كه‌ ده‌كات.

به‌تایبه‌تی له‌ ده‌یه‌كانی ڕابردوودا، كۆماری ئیسلامی دوو ته‌وه‌ری سه‌ره‌كیی سیاسه‌تی له‌ سه‌ر بناخه‌ی بیری دوو گرووپ دانابوو و پێڕه‌وی ده‌كرد، یه‌كه‌میان هه‌نارده‌كردنی شۆڕش و په‌ره‌دان به‌ ویلایه‌تی فه‌قیه و له‌بنه‌ڕه‌تدا هاندانی گرووپه‌ شیعه‌ توندڕه‌وه‌كان له‌ ناوچه‌دا، دووهه‌میشیان بیری ئیرانشه‌هری كه‌ حه‌وزه‌ی جوغرافیای فه‌رهه‌نگیی بۆ بیرۆكه‌یه‌كی وه‌همی به‌ناو نه‌ته‌وه‌ی ئێران دروست ده‌كرد و له‌ڕاستیدا ده‌یه‌ویست ته‌واوی ناوچه‌كه‌ وه‌كوو سه‌رده‌می حكومه‌تی هه‌خامه‌نشی بخاته‌وه‌ ژێر ده‌ستی سه‌یدعه‌لیی هه‌خامه‌نشی!

له‌ ئه‌فغانستان حكوومه‌ت ڕووخا و تاڵیبانی توندڕه‌وی سوننی ده‌سه‌ڵاتی به‌ده‌سته‌وه‌ گرت و دژی شێعە، دژی هەزارە و قەومی دەری کە بناخەی فارس لەوێوە هاتۆتە نێو جوغرافیای ئێران، بووە و لە داهاتووشدا دژیان دەبێ. له‌ولاشه‌وه‌ ئازه‌ربایجانی شێعه‌ كه‌ پێشتر به‌شێك بووه‌ له‌ ئێرانشه‌هر!! كه‌وتۆته‌ لای توركیه‌ و بۆته‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆسه‌ر ئێران!

له‌م ڕووداوانه‌دا، كۆماری ئیسلامی گه‌ر به‌پێی ئیدئۆلۆژییه‌كه‌ی و لایه‌نی ئایینییه‌كه‌ی بكردایه‌، ده‌بوو هه‌م پشتیوانی له‌ ئازه‌ربایجان بكردایه‌ دژی ئه‌رمه‌نستان و هەمیش ئازه‌ربایجانی شێعه‌ش له‌گه‌ڵ توركیه‌ی سوننی نه‌بوایه ‌و هه‌م پشتی شێعه‌كانی ئه‌فغانستانی بگرتایه‌ و شه‌ڕی تاڵیبانی بكردایه‌! گه‌ر به‌پێی وه‌همی ئیدئۆلۆژیكی ئێرانشه‌هریشی بكردایه‌، ده‌بوو ئازه‌ربایجان به‌شێك له‌ ئێرانشه‌هر بوایه‌ و ئێرانیش شه‌ڕی له‌گه‌ڵ توركیه‌ بكردایه‌ بۆ گێڕانه‌وه‌ی ئازه‌ربایجان بۆ نێو وه‌همی ئێرانشه‌هری!! له‌ولاشه‌وه‌ به‌ پشتیوانیی نیزامی له‌ تاجیك و ده‌رییه‌كان، دژی په‌شتوونه‌كان بوایه‌!

به‌ڵام چوونكه‌ ئیدئۆلۆژییه‌كانی كۆماری ئیسلامی به‌ته‌واوی ئێكسپایه‌ر بوون و هیچ كه‌ڵكیان نه‌ماوه‌ و ئێسته‌ ئیدی بوونه‌ته‌ ژه‌هر بۆ خودی سیستمه‌كه‌یان، له‌ ئه‌فغانستان پشتی تاڵیبانی گرت و له‌ ڕووداوه‌كانی ئازه‌ربایجانیشدا به‌ته‌واوی دۆڕا و ڕێگه‌ی ترانزیتی بۆ ئورووپا بڕاوه‌ و ئێسته‌ ده‌سته‌وداوێنی ڕووسیه‌ ده‌بێ به‌ڵكوو له‌ ده‌ریای خه‌زه‌ره‌وه‌ ڕێگای بۆ بكاته‌وه‌!

ئێدئۆلۆژیی ئێكسپایه‌ری ویلایه‌تی فه‌قیهی و ئیرانشه‌هری نه‌ك توانای به‌ڕێوه‌بردنی وڵاتیشیان نییه‌، به‌ڵكوو له‌ ناوچه‌شدا ناتوانن سیاسه‌تی ڕوون بۆ ڕێژیم دابڕێژن و به‌پێچه‌وانه‌ی ئامانجه‌كانیان ده‌جووڵێنه‌وه‌! نه‌ ده‌توانێ پشتیوانی له‌ شێعه‌كان بكات و نه‌ ده‌توانێ پشتی ده‌رییه‌كان كه‌ "فارسی ئه‌سیل" له‌وێوە هاتوون، بگرێ و نه‌ ده‌توانێ دژی تووران هه‌وڵی گێڕانه‌وه‌ی ئازه‌ربایجان بدات!! ئیدئۆلۆژیی ئیكسپایه‌ر وه‌كوو ژه‌هرێك كار ده‌كات و ئێسته‌ ئیدی ده‌رباری خامنه‌یی وه‌كوو ده‌رباری شاكانی قاجار بۆته‌ ده‌فته‌ری هاتوچووی ڕووسه‌كان! سه‌یدعه‌لی ده‌یه‌ویست ببێته‌ داریووشی هه‌خامه‌نشی كه‌چی بۆته‌ موحەممه‌دعه‌لیشای قاجار!