کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەردۆغان: ئێران بە هاندانی تایفەگەریی مەزهەبی گڕی لە ناوچەکە بەردا

19:43 - 23 بەفرانبار 2715

کوردستان میدیا: دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەدا، بەردەوام هۆشداریی وڵاتانی ناوچەکەی لێ‏کەوتووەتەوە و لەو پەیوەندییەدا ئەردۆغان دەڵێت؛ ڕێژیمی ئێران بە هاندانی تایفەگەریی مەزهەبی گڕی لە ناوچەکە بەردا.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، سەرکۆماری تورکیه، ڕۆژی سێ‏شەممە ڕێکەوتی ٢٢ی بەفرانباری ١٣٩٤ی هەتاوی، لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ دیپلۆماتەکانی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند؛ ئەو کردەوانەی کە ڕووسیه لە سووریەدا ئەنجامی داوە و ئێستاش ئەنجامی دەدات، کێشەی بۆ جیهان ساز کردووە.

ئەردۆغان لە وتووێژێکدا لەگەڵ تەلەویزیۆنی (TRT) گوتی: ڕووسیە هیچ شەڕێکی دژی داعش ئەنجام نەداوە، بەڵکوو بەپێچەوانە لە هەوڵی دەوڵەتێکی بچووک لە لاذقیه‏دایە.

هەروەها ڕەجەب‌تەیب ئەردۆغان لە قسەکانیدا ڕایگەیاند کە؛ ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کێشە خولقێنە و ئاگری شەڕی تایفەگەری لە ناوچەکەدا گەش دەکاتەوە.

ڕێژیمی ئێران لە لوبنان، عێراق، بەحرەین و یەمەن پشتیوانیی لە گرووپە شیعەکان دەکات و بە پشتیوانیی لە ڕێژیمی بەشار ئەسەد کێشەی قووڵی لە ناوچەکەدا خولقاندووە.

هەروەها ئەردۆغان لە پێوەندی لەگەڵ ئێران و عەرەبستاندا گوتی کە؛ ئێران بە ئەنقەست هێرشی کردووەتە سەر باڵوێزخانەی عەرەبستان و ئەوەش بۆ سیاسەت و ستراتیژی ئێران دەگەڕێتەوە.