کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەردۆغان: ئەوانەی لە كوشتاری سووریە بێدەنگن، بۆ ئیعدامی كەسێك لە عەرەبستان دەیكەنە هات‌وهاوار

15:48 - 17 بەفرانبار 2715

كوردستان میدیا: ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیە، وێڕای مەحكووم‏كردنی هێرشی بەكرێگیراوانی كۆماری ئیسلامی بۆ سەر باڵوێزخانەی سعوودی لە تاران، ڕەخنەی لە دەستێوەردانەكانی ڕێژیمی ئێران لە كاروباری وڵاتانی دیكەدا گرت.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەلعەرەبیە، سەرۆك كۆماری توركیە وێڕای ڕەخنەگرتن لە هات وهاواری ڕێژیمی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ ئیعدامی شێخ نمر باقر ئەلنمردا گوتی: ئەوانەی كە بەرانبەر بە كوشتوبڕی سەدان هەزار كەس لە خەڵكی سووریە بێدەنگ بوون، ئێستا بۆ ئیعدامی كەسێك لە سعوودی كردوویانەتە هات و هاوار.

ئەو لێدوانانەی ئەردۆغان یەكەمین هەڵوێستی فەرمیی توركیە پاش ڕاگەیاندنی پچڕانی پێوەندییەكانی عەرەبستانی سعوودی لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندایە و دەتوانێ سەرەڕای ڕێژیمی ئێران، وەكوو ئاماژەیەك بە پاسیڤبوونی بەشێك لە وڵاتانی جیهان، بە تایبەتی ئەمریكا و وڵاتانی ڕۆژئاوایی بەرانبەر بە تاوانەكانی ڕێژیمی ئەسەد و لە بەرانبەردا مەحكوومكردنی ئیعدامی شێخ نمر لە لایەن ئەو وڵاتانەوە لێك بدرێتەوە.

دوابەدوای ئیعدامی ٤٧ تۆمەتباری كردەوە تیرۆریستییەكان لە لایەن سعوودییەوە، بەكرێگیراوانی ڕێژیمی ئێران بەو بیانوویە هێرشیان كردە سەر باڵوێزخانەی سعوودی لە تاران و كۆنسوولخانەی ئەو وڵاتە لە مەشهەد.

ئەو ڕووداوە بوو بە هۆی بارگرژییەكی قووڵ لە پێوەندییەكانی نێوان ڕێژیمی ئێران و عەرەبستانی سعوودی‏دا.

هێندێك لە وڵاتانی عەرەبی وەك بەحرەین، سوودان، جیبووتی، ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی، كوەیت و قەتەریش پاش ئەو دەستدرێژییەی كۆماری ئیسلامی، بە پچڕان یان دابەزاندنی پێوەندییەكان و بانگكردنەوەی باڵوێزەكانی خۆیان لە ئێران، بەرانبەر بەو كردەوەیە هەڵوێستی توندیان لە خۆیان نیشان دا.

شایانی باسە، ئەردۆغان لە ڕێكەوتی ٢٩ی دێسامبری ٢٠١٥دا، لەگەڵ مەلیك سەڵمان، شای سعوودی چاوپێكەوتنی كردبوو. پاش ئەو چاوپێكەوتنە ئانكارا ڕایگەیاند ئەو دوو وڵاتە لە سەر دامەزراندنی ئەنجومەنی هاریكاری لە بوارە ئیستراتژیكەكاندا ڕِێك كەوتوون.