کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ساڵیادی دامەزرانی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی "بریتانیا" بەرز ڕاگیرا

12:09 - 24 گەلاوێژ 2722

ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، کۆمیتەی "بریتانیا"ی حیزب بەبۆنەی ٧٧ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکرات، ڕێوڕەسمێکی بەشکۆی لە "والی کانتری" پارکی شاری "شەفێڵد" پێک هێنا.

 لەو ڕێوڕەسمەدا زۆربەی ئەندامان و لایەنگرانی حیزب و ھەروەها کوردانی دانیشتووی پارێزگای ڕۆژهەڵاتی "بریتانیا" بەشدار بوون.

ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاكی شەهیدان دەستی پێ كرد.

پاشان پەیامی كومیتە لەلایەن "فەرید دەیهیم" پێشكەش كرا و باسی لەوە كرد كە لە كاتێكدا یادی ٧٧ ساڵەی دامەزرانی حیزب دەكەینەوە كە بەداخەوە وڵاتەكەمان هێشتا بەدەست كۆمەڵێک ئاخوندی بیرکوێر و ناشارەزای بەڕێوەبەری وڵات بە دیڵ گیراوە و ئێران و بەتایبەت كوردستانیان كردووتە دۆزەخی قەیران.

هەروەها بە پشتیوانیكردن لە گرووپە تێرۆریستەكان، کوردستان، ئێران و وڵاتانی ناوچەیان نائەمن كردووە، بەڵام بە خۆشییەوە نەتەوەكانی كوردستان و ئێران باش ئەو ڕێژیمە دەناسن.

کاک "فەرید" باسی ئەوەشی کرد كە بۆ ڕزگاری لەژێر دەستی دوژمندا پێویستیمان بە یەکڕیزی و تەبایی نێوماڵی خۆمان هەیە و هەر بۆیە لەو پێوەندییەدا حیزبی دێموكرات هەمیشە خەمی نەتەوەکەی لە كۆڵە و وەک هەمیشە لەپێناو یەکڕیزیی نێوماڵی کورد و یەکگرتنەوەدا هەست بە بەرپرسیارەتی دەکات و بەم یەكخستنەوەش دڵی هەموو خەڵكی كوردستان و بنەماڵەی سەربەزی شەهیدان و زیندانیانی سیاسیی خۆش كردووە.

لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕێوڕسمەدا "مادێح ئەحمەدی" ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموكرات لەم پێوەندییەدا باسێکی کورتی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.

"ئەحمەدی" ئاماژەی بە مێژووی پڕ لە شانازیی حیزب و ھەموو ئەو کەندوکۆسپانە کرد کە نەک ھەر چۆکیان بە ڕۆژهەڵات و حیزبی دێموكرات دانەدا بەڵکوو سەرکەوت و لە ھەمانکاتدا دژبەرانی زەبوونتر بوون.

ناوبراو بەگشتی باسی مێژووی حیزبی دێموكرات و ڕۆژی ٢٥ی گەلاویژی وەکوو ڕۆژێکی مێژوویی بۆ کورد كرد.

ئەو بۆنەیە بە شادی و ھەڵپەڕکێی بەشداربووان کە سەرنجی ھەموو گەشتیارانی ناوچەکەی بۆلای خۆی ڕاکێشابوو کۆتایی پێهات.