کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات، دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە تێکۆشان و خەبات

21:59 - 30 گەلاوێژ 2722

بەیاننامەی هاوبەش

یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات، دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە تێکۆشان و خەبات

خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان!

حیزب و ڕێکخراو و کەسایەتییە دۆستەکان!

تێکۆشەران، ئەندامان و سەرجەم دڵسۆزانی حیزبی دێموکرات!

بە خۆشحاڵی و شانازییەوە ڕادەگەیەنین کە سەرئەنجام وتووێژەکانی نێوان ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی دێموکراتی کوردستان، گەیشتە ئاکامی دڵخواز و، یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکراتی لێ کەوتەوە.

کاتێک لە سەرماوەزی ١٣٨٥ی هەتاوی (دێسەمبری ٢٠٠٦)، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە درێژەی ناکۆکییە نێوخۆییەکانیدا، تووشی لێکدابڕان و جیابوونەوە بوو، ئەم ڕووداوە شەپۆلێکی گەورە لە نیگەرانی و بەداخبوونی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، ڕێکخراو و کەسایەتییەکانی دۆست و دڵسۆزی ئەم حیزبەی بە دوای خۆیدا هێنا.

ئەگەرچی ڕۆڵەکانی دێموکرات لە ماوەی زیاتر لە ١٥ ساڵی ڕابردوودا بەسەر دوو حیزبی جیادا دابەش ببوون، بەڵام خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هیچ کات ددانی خێریان بەم لێک جیابوونەوەیەدا نەنا و بە ڕەسمییان نەناسی. هیچ کات لە ڕەخنەلێگرتن و سەرکۆنەی ڕۆڵە دێموکراتەکانی خۆیان سڵیان نەکردەوە. هیچ کاتیش لە گوشارهێنان بۆ سەر ڕێبەران و تێکۆشەرانی هەر دوو لای دێموکرات و وەبیرهێنانەوەی پێویستیی یەکگرتنەوە، ماندوو و ناهومێد نەبوون. ئەوان لەنێو زەبروزەنگ و هەڕەشەی دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، لە هەر بۆنە و دەرفەتێک بۆ دەربڕینی داوای یەکگرتن و پەیامی یەکگرتنەوەخوازیی خۆیان سوودیان وەرگرت و سەلماندیان کە حیزبی دێموکرات، ئەمانەت و سەرمایەی خەباتی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە لەلای ڕێبەران و تیکۆشەرانی ئەو حیزبە و، قبووڵ ناکەن ئەم ئەمانەت و سەرمایە، لەمە زیاتر بە دووپارچەیی و لێکدابڕاوی بمێنێتەوە. دیارە حیزبەکانی دۆستی لەمێژینەی حیزبی دێموکرات لە ئێران و بەشە جیاوازەکانی کوردستان و زۆر لە کەسایەتییە خەباتکار و ئازادیخوازەکانیش، بەردەوام هاندەری دانوستان، ڕێککەوتن و یەکگرتنەوەی ئەو دوو لایەنەی دێموکرات بوون. بە خۆشییەوە لەنێو ڕێبەری، تێکۆشەران و ئەندامانی هەر دوو لای دێموکراتیشدا، یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان، نەک تەنیا وەک ئەگەرێک، بەڵکوو وەک ئامانجێکیش، هیچ کات وەلا نەنرا و، ئاواتی یەکگرتنەوە و بیری یەکگرتنەوەخوازی بە تێپەڕینی ساڵەکان، نەک هەر کەمڕەنگ نەبۆوە، بەڵکوو ساڵ بە ساڵ پتر گەشایەوە.

ئەمڕۆ حیزبی دێموکرات بە وەدەست‌هێنانەوەی یەکگرتوویی خۆی، قۆناغێکی ناخۆش لە مێژووی خۆی کۆتایی پێ دێنێت. لە ماوەی ساڵانی لێکدابڕاندا، هەردوو حیزب لە زۆربەی مەیدانەکانی تێکۆشاندا دیار و چالاک بوون. پاش ساڵانێک دووری و لێکدابڕانی نەخوازراوی خەڵک و پێشمەرگە، جارێکی دیکە خەڵکی ڕۆژهەڵات شایەتی حزووری پێشمەرگەی دێموکرات و فیداکاریی ڕۆڵەکانیان لە بەرەنگاربوونەوەی هێزە سەرکوتکەرەکاندا بوون. پشتگیریی چالاکانی مەدەنیی نێوخۆ و پشتیوانی لە خەڵکی وەزاڵەهاتوو لە بێمافی و ستەم و سەرکوتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە گوتار و سیاسەت و تێکۆشانی ئەو قۆناغەی دێموکراتەکاندا گرنگییەکی تایبەتیی پێدرا. لە گۆڕەپانی دیپلۆماسی و پێوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، لە مەیدانی پێوەندییە کوردستانی و ئێرانییەکاندا، هەردوو حیزب هەوڵیان دا بە نۆرەی خۆیان نوێنەرایەتیی ویست و چاوەڕوانییەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەن. لە بواری ڕاگەیاندن، پەروەردە، ڕێکخراوە سینفییەکان، بایەخدان بە ژنان و لاوان لە ڕیزەکانی حیزب و لە بەرنامەی تێکۆشانیاندا، ئاوڕدانەوە لە تاوانەکان و پێشێلکارییەکانی ڕێژیمی ئێران لە بواری مافی مرۆڤ و لە پێوەندی لەگەڵ بەندییە سیاسییەکاندا، لە مەیدانی گرنگیدان بە گوتاری نەتەوەیی و شوناسخوازانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، هەر دوو لا بە تین و گوڕێکی نوێوە، قۆڵیان لێ هەڵماڵی.

 لە ماوەی ساڵانی ئەم قۆناغەدا سەدان و هەزاران کەس لە نێوخۆ و دەرەوەی کوردستان لە نەسلی نوێی لاوانی کورد، هاتوونە سەر ڕێبازی دێموکرات و تێکەڵ بە خەبات و تێکۆشانی دێموکراتەکان بوون. لەو ماوەیەدا سەرەڕای  بارودۆخی سەرچاوەگرتوو لە لێکدابڕان، ئەم دوو حیزبە لە ژمارەیەک پلاتفۆرم و هاوپەیمانەتیی سیاسیی کوردستانی و ئێرانییشدا بەشدار و هاوکار بوون. لەگەڵ هەمووی ئەو ڕاستییانەشدا، قۆناغی ١٥ ساڵەی لێکدابڕان و پێکەوەنەبوون، بە قۆناغێکی نەخوازراو و ناسروشتیی مێژووی حیزبی دێموکرات دەزانین.

دەرس و ئەزموونەکانی ئەم قۆناغە لە مێژووی دێموکراتەکان بۆ لێفێربوون یەکجار زۆر و هەر لەو کاتەشدا گرنگن. لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا کە دەمانەوێ لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی حیزبی دێموکرات هەڵدەینەوە، وەبیرهێنانەوەی هێندێکیان لە جێی خۆیدا دەبینین:

یەکەم، گومانی تێدا نییە ئەگەر حیزبی دێموکرات بە یەکگرتوویی مابایەوە و لە هەمووی ئەو مەیدانانەدا، بە یەکپارچەیی بەشدار و ئامادە بوایە، دەرفەتەکانی بەردەمی خۆی باشتر دەقۆزتەوە، دەسکەوتی زۆر گەورەتری لە خەبات و تێکۆشانی خۆی بەدەست دەهێنا و، بەردەنگەکانی حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی نەتەوەیی و ئازادیخوازی لە کوردستان، زیاتر بە دەنگ داخواز و پەیامەکانییەوە دەهاتن.

دووهەم، بەردەوامیی خەبات و تێکۆشانی دێموکراتەکان و ئامادەبوونیان لە ژمارەیەک لەو مەیدانانەدا کە ئاماژەیان پێ کرا، ئەگەر دەسکەوتی هەبووە، قوربانیی بەنرخیشی ویستووە. بە دەیان کادر، فەرماندە و پێشمەرگە و تێکۆشەری ئاشکرا و نهێنی لەو ماوەیەدا لەپێناوی ئامانجەکانی حیزبی دێموکراتدا گیانیان پێشکەش کرد. ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕۆڵە خەباتکارەکانی دێموکرات تووشی بەندیخانە، ئەشکەنجە و ئێعدام یا دەربەدەری و ئاوارەیی بوون. هەر لەو ماوەیەدا دەیان سیمای ناسراو و تێکۆشەری لەمێژینە لە نەسلەکانی پێشووی دێموکرات، چوونە ڕیزی نەمران. جێی خۆیەتی لەمڕۆژەدا وەبیر خۆمانی بێنینەوە کە ئاواتی هەموو شەهیدان و نەمرانی ئەو ماوەیە لە دواساتەکانی ژیانیاندا، یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات بوو کە زۆربەی سالانی تەمەنی خۆیان تێدا تێپەڕ کردبوو.

سێهەم، ئەزموونی تێکۆشانی بەجیای هەر دوو لای دێموکرات لەم ماوەیەدا سەلماندی کە لێکدابڕان ناتوانێت ڕێگەیەکی سەرکەوتوو بۆ دەربازبوون لە کێشە و قەیرانە نێوخۆییەکان بێت. نەک بە لێکدابڕان و تێکۆشانی بەجیا، بەڵکوو بە ئەزموون‌وەرگرتن لە هەڵە و کەموکوڕییەکانی ڕابردوو، بە ڕێگەگرتن لە کۆمەڵێک دیاردەی نەرێنی و نەخوازراو، بە ڕەخنەگرتن و ڕەخنەقبووڵکردن و ڕاشکاوبێژیی ڕێبەری و ئەندامان لە نێوخۆی حیزبدا، بە گۆڕین و نوێکردنەوەی کولتوور و سیستەم و شێوازی حیزبایەتی و پێکەوە کارکردن، بە ڕه‌خساندنی هەلومەرج بۆ شایستەسالاری، بە پێکهێنانی گیانی هەستکردن بە بەرپرسیارەتی لە ئاست یەکگرتوویی حیزب و پەسندکراوەکانی، بە پەروەردە و بارهێنانی ئەمڕۆیی و ڕاهێنانی تاکەکان بە گیانی وێکهەڵکردن و ڕێزگرتن لە جۆراوجۆری و جیاوازییەکان، بە خوڵقاندنی کەشوهەوایەک کە هەمووان حیزب بە هی خۆیان بزانن، قەیران و کێشە نێوخۆییەکان کەم دەبنەوە و چارەسەر دەکرێن.

چوارەم، ئەم قۆناغە لە تێکۆشانی بەجیای دێموکراتەکان، بە هەموو خەسار و دەسکەوتەکانییەوە، بە خاڵە لاواز و بەهێزەکانییەوە، بە ڕووداوە خۆش و ناخۆشەکانییەوە، بەشێکە لە مێژووی حیزبی دێموکرات. هەمووی ئێمە ئەو کەسانەی لە دروستکردنی ئەو مێژووەدا کەم و زۆر بەشدار و شوێندانەر بووین، بەپێی بەرپرسایەتیی حیزبی و ڕۆڵ و هەڵوێستمان لە بڕیارەکان و ڕەوتی ڕووداوەکاندا بەرامبەر مێژوو و داهاتوو، بەرپرسیارین. داننان بە بەرپرسایەتی و قبووڵی ڕەخنە لە پێوەندی لە گەڵ لێکدابڕانی حیزبی دێموکراتدا، تەواوکەری بەرپرسایەتی و ئازایەتیی هەنگاونانی ماندوویی‌نەناسانەمان بۆ یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکراتە. بە دەربڕینێکی دیکە، سپاردنی حیزبی دێموکرات بە یەکگرتوویی بە نەسلەکانی داهاتوو، بەشێکە لە ئەرک و بەرپرسایەتیی ئەمڕۆی ئێمە و، تەنیا کارێکە کە دەتوانین کەمتەرخەمی و هەڵە و وێکهەڵنەکردنی رابردوومانی تا ڕادەیەک پێ قەرەبوو بکەینەوە. هەڵگرتنی ئەم بەرپرسیارەتییانە، پێویستە و دەبێ ببێتە هاندەری بەڕێوەبەریی لەمەودوای حیزبی یەکگرتووی دێموکرات و سەرجەم تێکۆشەران و ئەندامانی حیزب کە بەوپەڕی هەستکردن بە بەرپرسایەتی، پارێزگاری لە دەسکەوتەکانی یەکگرتنەوە، بە تایبەتی یەکگرتوویی حیزبی دێموکرات بکەن.

ئەندامانی بنەماڵەی گەورەی دێموکرات!

ڕێکخراو و کەسایەتییە ئازادیخوازە کوردستانی و ئێرانییەکان!

خەڵکی دێموکراتپەروەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان!

لەمڕۆ بە دواوە کۆتایی بە تێکۆشانی بەجیای هەر دوو لای دێموکرات دێت. ڕێکخراوە و ئۆرگان و دامەزراوەکانی هەر دوو حیزب لە کوردستان و دەرەوەی وڵات، بەپێی ڕێککەوتنە دوو لایەنییەکان و ڕێوشوێنە دیاریکراوەکان و لەژێر ڕێنوێنی و چاوەدێریی ڕێبەرییەکی هاوبەشدا، لە ژێرناوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا، یەک دەگرنەوە و درێژە بە تێکۆشانی خۆیان دەدەن.

لەم بۆنە مێژووییەدا، لە ئاست کۆڵنەدان و پێداگرتنی خەڵکی کوردستان لەسەر پێویستیی یەکگرتنەوەی حیزبی خۆشەویستی خۆیان، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران سەری ڕێز دادەنوێنین. بە ئەمەگناسییەوە ئاوڕ لە هەوڵەکانی دڵسۆزان و خوازیارانی یەکگرتنەوە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو، چ لەنێو بنەماڵەی گەورەی دێموکرات و چ لە دەرەوەی حیزبی دێموکراتدا دەدەینەوە. بە گەرمییش سوپاس و دەستخۆش بە هەیئەتەکانی هەردوو لای دێموکرات دەڵێین کە ڕەوتی دانوستان و ڕێککەوتنەکانیان بە سەرکەوتنەوە گەیاندە کۆتایی.

ئێمە باش دەزانین کە یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات یەکێک لە داوا ڕەواکان و ئاواتە پیرۆزەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گشتی و، بنەماڵەی شەهیدان، بەندییە سیاسییەکان و تێکۆشەران و ئەندامانی سەر بە حیزبی دێموکرات بە تایبەتییە. بەبۆنەی وەدیهاتنی ئەو ئاواتە پیرۆزەیان گەرمترین پیرۆزباییان پێشکەش دەکەین. دڵنیاشیان دەکەین خەمخۆری و هەستیاربوونی ئەوان لە ئاست پرسی یەکگرتنەوە، بەرپرسایەتی و ئەرکی ئێمە لە پاراستنی ئەو دەسکەوتە گەورەیەدا، قورستر دەکا.

گومانی تێدا نییە کە یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات، دەبێتە دەسپێکی قۆناغێکی نوێ لە خەباتی ئەم حیزبە لەدژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و لەدژی هەر عەقڵییەتێکی ناوەندگەرا کە فرەنەتەوەبوونی ئێران و مافە نەتەوەییەکانی پێکهاتە جیاوازەکانی ئێران ڕەت بکاتەوە. هاندەر و ڕێخۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی بزووتنەوەی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ببێتە هێزێکی شوێندانەری ئەوتۆ کە لە هەر ئاڵوگۆڕێکی سەرانسەریدا، حیسێبی تایبەتی بۆ بکرێت. ئەم یەکگرتنەوەیە پاڵپشت دەبێت بۆ پاراستن و بەهێزکردنی پرەنسیپە لەمێژینە و گرنگەکانی حیزب. بە دڵنیاییەوە ئەم ڕووداوە پیرۆزە دەبێتە هۆی گەشەکردنی بزووتنەوەی نەتەوەیی و ئازادیخوازی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. کەوتنەوە سەریەکی ئەو هەمووە سەرمایە مرۆیی و مەعنەوییە، پشت‌ئەستوور بە جێگە و پێگە و ئێعتبار و خۆشەویستیی کەم‌وێنەی حیزبی دێموکرات لەنێو خەڵکی کوردستان و، دڵگەرم بە  دەرس‌وەرگرتن و وشیاری و ئەزموونی دەوڵەمەند و فرەڕەهەندی ڕێبەری، کادرەکان و سەرجەم تێکۆشەرانی دێموکرات، زۆر دەرفەتی نوێ بۆ حیزبی دێموکرات دەخوڵقێنن. چاوەڕوانی و هیوای ئێمە ئەوەیە یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات، ببێتە مایەی هیواداری و دڵگەرمیی زیاتری توێژە جۆراوجۆرەکانی خەڵکی کوردستان بۆ پشتیوانی لە حیزبی دێموکرات و خەبات لە پێناوی ڕزگاریی نەتەوەکەیان بە ڕێبەریی ئەم حیزبە.

بانگەوازی ئێمە لەم بۆنەیەدا بۆ ڕێکخراوە سیاسییە خەباتگێڕەکانی کوردستان و ئێران، کۆڕ و کۆمەڵە و گرووپ و ناوەندە مەدەنی و ئازادیخوازەکان لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات ئەوەیە، هەلومەرجی سیاسیی ئەمڕۆی ئێران و ڕاوەستانی بێ‌وێنەی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران لە بەرامبەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا، هاندەریان بێت بۆ یەکگرتن و پتەوکردنی ڕیزەکانیان، هاندەریان بێت بۆ هاوکاری و خەباتی هاوبەش. حیزبی دێموکرات لەمەودوا بە دەست‌وباڵێکی ئاوەڵاترەوە بۆ بەدیهێنان و جێبەجێکردنی ئامانج و پرۆژە نەتەوەیی و خەباتگێڕانەکانی، یەک لەوان پێویستیی پێکهێنانی هاوخەباتی و هاوپەیمانیی نێوان ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خۆ ئامادەکردن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵوگۆڕە چاوەڕوانکراوەکان هەنگاو دەنێت.

سڵاوی وەفا و ئەمەگناسی بۆ گیانی پاکی شەهیدان و نەمرانی مێژووی ٧٧ساڵەی حیزبی دێموکرات بە تایبەت سێ ڕێبەری شەهیدی دێموکرات: پێشەوا قازی محەممەد،  د. قاسملوو و د. شەرەفکەندی.

پیرۆزبێ یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و لە هەموو تیکۆشەران، ئەندامان و دڵسۆزانی حیزب.

 حیزبی دێموکراتی کوردستان                                   حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران