دوانیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ٢١ـی جوولای ٢٠٢٢ـی زایینی، بەرامبەر بە ٣٠ـی گەلاوێژی ١٤٠١ـی هەتاوی، لقی ٧ـی پارتی دێموکراتی کوردستان لە ئامریکا و کانادا، ڕێوڕەسمێكی بە بۆنەی یادی ٧٦ ساڵەی دامەزرانی پارتی دێموکراتی كوردستان پێكهێنابوو.
لەسەر داوای فەرمیی پارتی دێموکراتی کوردستان، شاندێکی کۆمیتەی حیزب لە ئامریکا بە سەرپەرستیی "ڕەحیم رەشیدی" بەرپرسی گشتیی کۆمیتەی حیزب، لەو جێژنەدا بەشدار بوون، شاندی حیزب بە گەرمی لەلایەن بەرپرسانی پارتییەوە پێشوازییان لێ كرا و وێڕای بەڕێوەبەرانی بەرنامەکە، "حیکمەت بامەڕنی" بەرپرسی لقی ٧ـی پارتی دێموکراتی کوردستان لە ئامریکا و کانادا لە وتارەکەیدا بە فەرمیی پیرۆزبایی وەسەریەککەوتنەوەی حیزبی دێموکراتی پێشکەش کرد کە ئەم بابەتە لەگەڵ خۆشحاڵی و چەپڵەڕێزانی ئامادەبووان ڕووبەڕوو بوویەوە.
شاندی حیزب وێڕای پێشكەشكردنی چەپكەگوڵ، هاوكات پیرۆزبایی حیزبی دێموكراتیان بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی پارتی پێشكەش كردن.
لە بڕگەیەكی دیكەدا پەیامی پیرۆزبایی كۆمیتەی حیزب بەو بۆنەوە پێشكەش كرا.
لە بەشێک لە پەیامی حیزبدا بۆ پارتی دێموکرات هاتبوو:
”حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پارتی دێموکراتی کوردستان، خاوەنی پەیوەندی دێرین و دۆستانەن، بۆیە بە پێویستی دەزانین لەم بۆنەیەدا وێڕای پیرۆزبایی دووبارەمان لە ئێوەی بەڕێز، هاوکات لەسەر درێژەدان بە پەیوەندی دۆستانەمان پێداگری بکەینەوە. هیوامان وایە ئەم یادە هەوێنی تەبایی، یەکڕیزی و هاوسۆزی زیاتری نێوان ڕۆڵەکانی نەتەوەکەمان بێ."
هەیئەتی کۆمیتەی حیزب لە پەراوێزی جێژنەكەدا وێڕای بەرپرسانی پارتی، نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان و باڵوێزخانەی عێراق لە ئەمریکا، هاوڕێ لەگەڵ نوێنەرانی حیزب و ڕێكخراوە كوردستانییەكان و کەسایەتییەکانی ئامادەبوو لەو یادەدا سەبارەت بە دۆخی كوردستان و ناوچەكە ئاڵوگۆڕی بیروڕایان كرد.
نوێنەرانی حیزبەكان بە ڕێزەوە باسیان لە سیاسەت و پێگەی مێژوویی حیزبی دێموكرات كرد و وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی بەبۆنەی یەکڕیزیی حیزب، هەروەها پیرۆزبایی خۆیان بە بۆنەی ئەم سەرکەوتنەوە بە شاندی کۆمیتەی حیزب لە ئامریکا ڕاگەیاند.