کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادی ٧٧ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی ئوتریش بەڕێوە چوو

12:33 - 31 گەلاوێژ 2722

رۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٩ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، بەبۆنەی پیرۆزکردنی یادی ٧٧ ساڵەی دامەزرانی حیزبەوە لەلایەن کومیتەیەکی هاوبەشی حیزبی دێموکراتی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، ئێوارەئاهەنگێک لە شاری "ڤییەن" ڕێک خرا و لە ئاهەنگەکەدا ئەندامان، لایەنگران و دۆستانی حیزب لە وڵاتی "ئوتریش" بەشدار بوون.

سەرەتا لەلایەن "حوسێن خاڵخاڵـ"ـەوە بەخێرهاتن و پێرۆزبایی یادی ٧٧ ساڵەی دامەزرانی حیزب لە میوانەکان کرا.

پاشان لەلایەن "مونیرە نیگەهدار" بەخێرهاتن و پیرۆزبایی لە میوانان کرا و بەرنامەی ئێوارەئاهەنگەکە ڕاگەیەندرا.

بەرنامەکە بە بڵاوکردنەوەی سروودی نەتەوایەتی "ئەی ڕەقیب" دەستی پێ کرد و بۆ ڕێزگرتن لە یادی شەهیدانی سوورخەڵاتی گەل و نیشتمان خولەکێک بێدەنگی ڕاگەیەندرا.

دواتر لەلایەن دوکتور "جەزا ساڵحیـ"ـیەوە وتاری هاوبەشی هەر دوو کۆمیتەکە پێشکەش کرا.

لەو وتارەدا سەرەڕای بەخێرهاتن و پیرۆزبایی لە میوانان ئاماژە بە بەشێک لە مێژووی دامەزرانی حیزب، خەباتی سەخت و دژواری پڕ کەندوکۆسپ بەڵام شێلگیرانە و بەردەوامی حیزب، کەڵکوەرگرتنی حیزب  لە شێوە جۆراوجۆرەکانی خەبات، دەسکەوتەکانی حیزب هەر لە سەرەتای دامەزرانیەوە تا کوو ئەمڕۆ، پشتیوانیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ئازایەتی و ورەی بەرزی پێشمەرگە و شێلگیربوونی حیزب لەسەر خەبات وەک بەهێزترین چەک بەرانبەر بە دوو سیستمی دەسەڵاتداری دڵڕەق و تەیار بە هەموو چەک و کەرەستەیەکی سەرکوت و داپڵۆساندن وەک سیستمی پاشایەتی و ئیسلامی لە ئێراندا، جینایەتەکانی هەر دوو نیزام بەرانبەر بە خەڵکی بێ دیفاعی کوردستان، بەتایبەت هەوڵ بۆ تواندنەوە و سڕینەوەی زمان و کولتووری کورد، دەستووری جیهاد و ڕاگەیاندنی شەڕ لەلایەن "خومەینیـ"ـیەوە دژ بە خەڵکی کوردستان و بەرگریی ئازایانەی خەڵکی کوردستان و مل دانەنەواندن بۆ داخوازییە ناڕەواکانی خۆمەینی، تیرۆر و ڕەشەکوژیی کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆ و دەرەوەی کوردستان بەتایبەت تێرۆری نەمران دوکتور "قاسملوو، شەرەفکەندی" و هاوکارەکانیان لەنێو جەرگەی ئورووپای بەناو ئازاددا.

لە وتارەکەدا هەروەها ئاماژە بە قۆناغە جیاوازەکانی مێژووی خەباتی حیزب وەک قۆناغی دامەزراندنی حیزب، دامەزرانی کۆماری کوردستان، ڕووخانی کۆماری کوردستان و ڕەشبگیری و زیندان و ئەشکەنجەی ئەندامانی حیزب، قۆناغی دوورودرێژی خەباتی نهێنی پاش ڕووخانی کۆمار تا خەباتی چەکداریی ساڵەکانی ٤٦ـ٤٧ و قۆناغی کۆتایی واتە قۆناغی پاش شۆڕشی گەڵانی ئێران و خەباتی بەتایبەت دژواری حیزب و شەڕی بەرگری ئازایانەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرابوو.

لە کۆتایی وتارەکەدا هەروەها سەرەڕای ئاماژە بە دابڕان لەنێو ڕیزەکانی حیزب، بەبۆنەی بە ئاکام گەیشتنی پرۆسەی یەکگرتنەوەی هەر دوو لایەنی حیزب پیرۆزبایی ئاراستەی خەڵکی کوردستان بە گشتی و بنەماڵەی شەهیدان بەتایبەتی، ئەندام، لایەنگر و پێشمەرگە قارەمان و کەمئەندامەکانی کوردستان، زیندانیانی سیاسی و بنەماڵەکانیان کرا و بەڵێنی بەردەوامیی خەبات و لەبیرنەکردنی ئازارەکانی خەڵکی کوردستان و بەردەوامیی پاڵپشتی بۆ هێزی پێشمەرگە دووپات کرایەوە و بۆ بەشدارانی ئاهەنگەکە ئێوارەیەکی شاد بە ئاوات خوازرا.

پاشان لەلایەن "محەممەد فەقێ عەلی" سەرەڕای بەخێرهاتن و پیرۆزبایی لە بەشداران، پەخشانێک و پارچەهۆنراوەیەک لەژێر ناونیشانی "شەکەتم" و "سەدان ساڵە" پێشکەش بە بەشداربووان کرا.

بەشداربووان بە سەما و هەڵپەڕکێ و شادی جێژنەکەیان زیاتر ڕازاندەوە و ئاهەنگەکە پاش زیاتر لە ٦ سەعات، لە سەعات ١٢ی شەو کۆتایی پێ هات.

لەلایەن کومیتەی بەڕێوەبەریی جێژنی ٧٧ ساڵەی دامەزرانی حیزبەوە لە وڵاتی "ئوتریش" سپاسی هەموو ئەو کەسانە کرا کە لە بەڕێوەبردنی ئاهەنگەکەدا هاوکار و یارمەتیدەر بوون.