کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیندانی نەغەدە/ ڕێگریکردن لە پێدانی مەرەخەسیی دەرمانی بە ئیسماعیل محەممەدپوور

12:55 - 24 خەرمانان 2722

ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری پیرانشار، مەرەخەسیی دەرمانیی بە "ئیسماعیل محەممەدپوور" زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی نەغەدە نادات.

ڕۆژی دووشەممە ٢١ی خەرمانان، ئەو زیندانییە سیاسییە بۆ ئەنجامدانی تاقیکاریی دڵ ڕەوانەی نەخۆشخانەی نەغەدە کرابوو و دەسبەجێ بۆ زیندان گەڕێندرابووەوە.

پزیشکەکان داوای چارەسەریی پزیشکی و پێدانی مەرەخەسیی دەرمانییان بۆ "ئیسماعیل محەممەدپوور" کردبوو، بەڵام ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار ڕێگریی لە پێدانی مەرەخەسی بۆ ناوبراو کردبوو.

سەرەڕای ڕەزامەندیی دادستانی پیرانشار، سەبارەت بە پێدانی مەرەخەسیی دەرمانی بەو زیندانییە سیاسییە، ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە، لەگەڵ داوای مەرەخەسیی دەرمانیی "ئیسماعیل محەممەدپوور" دژایەتی کردووە.

"ئیسماعیل محەممەدپوور"، سەرەڕای نەخۆشیی دڵ، لە دەوا و دەرمان و دەستپێڕاگەیشتن بە ئیمکاناتی پزیشکی بێبەری کراوە.

ناوبراو ساڵی ٩٩، لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری پیرانشار، بە سەرۆکایەتیی دادوەر "عەبدوڵڵا ئاقایی" بەتۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی رێژیمی ئێران" بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.