ئه‌ندامان، لایه‌نگران و کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران!
خه‌ڵکی تێکۆشه‌ری کوردستان!
ئازادیخوازانی ئێران و دۆستانی گه‌لی کورد!
٢٦ی خه‌رمانان (١٧ی سێپتا‌مبر)ی ئه‌مساڵ ٣٠ ساڵ به‌سه‌ر تێرۆری دوکتور سادق شه‌ڕه‌فکه‌ندی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران، فه‌تاح عه‌بدولی، ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی و نوێنه‌ری حیزب له ئورووپا، هومایون ئه‌رده‌ڵان، نوێنه‌ری حیزب له ئاڵمان و نووری دێهکوردی تێکۆشه‌ری ئێرانیی دۆستی حیزب تێده‌په‌ڕێ. سێ ده‌یه له‌مه‌وبه‌ر له‌و رۆژه‌دا، سکرتێری گشتیی حیزبه‌که‌مان و هاوڕێیانی پاش به‌شداری له کۆنگره‌ی ئه‌نترناسیۆنال سۆسیالیست له بێرلین و له‌حاڵێکدا که له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک که‌سایه‌تیی سیاسیی ئێرانی له ڕیستۆرانێکی ئه‌و شاره به‌ناوی میکۆنۆس سه‌باره‌ت به یه‌كگرتنی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی له حاڵی گفتگۆدا بوون، تیمێكی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامی لێیان وه‌ژوور که‌وتن و شه‌هیدیان کردن.
تێرۆری دوکتور شه‌ڕه‌فکه‌ندی خەسارێکی قورس بوو له‌پێشدا له په‌یکه‌ری حیزبی دێموکڕات چونکە له ماوه‌ی ته‌نیا سێ ساڵدا بۆ جاری دووهه‌م رێبه‌ری کارامە و لێوه‌شاوه‌ی خۆی له‌ده‌ست دا و له‌پاشان له سه‌رجه‌م بزووتنه‌وه‌ی کورد و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی کەوت که به‌مجۆره بۆ هه‌میشه له رۆڵی کارساز و کاریگه‌ری خه‌باتگێڕێکی مه‌زن بێبه‌ش بوون که خه‌ریک بوو بۆشایی نه‌مانی دوکتور قاسملووی تا ڕاده‌یه‌کی زۆر پڕ بکاتەوە. به‌و حاڵه‌ش خه‌ساره‌تی شه‌هیدبوونی دوکتور سادقی شه‌ڕه‌فکه‌ندی له‌گه‌ڵ هه‌موو قورسی و تاڵییهكهی، حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی له‌پێ نه‌خست. هه‌روه‌ک چۆن له سایه‌ی ئیراده و لێزانیی دوکتور شه‌ڕه‌فکه‌ندی حیزبی دێموکڕات پشتی له‌ژێر باری قورسی تێرۆری دوکتور قاسملوودا ڕاست کرده‌وه، له‌دوای شه‌هید بوونی دوکتور شهڕهفکهندییش رێبه‌رایه‌تیی حیزبی دێموکڕات و کادر و پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌کانی ئه‌و حیزبه، دڵگه‌رم و پشت‌قایم به هاودڵی و پشتیوانیی خه‌ڵکی کوردستان، ئاڵای خه‌باتی نەتەوەکەیان هه‌روا شه‌کاوه ڕاگرت و خه‌باتی ئه‌و حیزبه‌یان به‌وپه‌ڕی شێلگیری و له‌خۆبوردووییه‌وه درێژه پێ دا و به هه‌موو ئه‌و گیروگرفت و ئاسته‌نگانه‌ی له قۆناغه‌کانی دواتردا له‌سه‌ر رێگای ئه‌و خه‌باته بوون، کارێکیان کرد که حیزبی دێموکڕات له تاقیکارییەکی سه‌ختی ده‌ورانی پاش رێبه‌رانی شه‌هید سه‌ربه‌رز بێته ده‌ر.
له‌لایه‌کی دیکه‌وه تێرۆری دوکتور شه‌ڕه‌فکه‌ندی و هاوڕێیانی هه‌روه‌ک پاش تێرۆری دوکتور قاسملوو شه‌پۆلێکی به‌ربڵاو له بێزاریی خه‌ڵکی کوردستان له کۆماری ئیسلامی و هاوپێوه‌ندیی پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان و کۆڕ و کۆمه‌ڵه ئێرانی و نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانی له‌گه‌ڵ حیزبی دێموکڕات به‌دووی خۆیدا هێنا. له هه‌مووشی گرینگتر، به‌پێچه‌وانه‌ی که‌یسی تێرۆری دوکتور قاسملوو که له‌ودا له ئاکامی فشار و شانتاژهکانی کۆماری ئیسلامی و سیاسه‌تی سهوداچییانهی ده‌وڵه‌تی ئوتریش، لێکۆڵینه‌وه‌کانی پۆلیس هیچ ئه‌نجامێکی قه‌زایی راسته‌قینه‌یان لێ نه‌كه‌وته‌وه و تێرۆریسته‌کان ڕاده‌ستی کۆماری ئیسلامی کرانه‌وه، به ماوه‌یه‌کی که‌م پاش تێرۆری میکۆنۆس زۆربه‌ی ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و جینایه‌ته ده‌ستگیر کران و له ئه‌نجامی لێکۆڵینه‌وه‌ی ورد و درووستی ئه‌و جینایه‌ته سامناکه و به‌ڕێوه‌بردنی دادگایه‌کی موعته‌به‌ر و سه‌ربه‌خۆ که نزیکه‌ی پێنج ساڵی خایاند، ده‌زگای قه‌زایی ئاڵمان له حوکمێکی بوێرانەی مێژوویی‌دا که رۆژی ٢١ خاکه‌لێوه‌ی ١٣٧٦ی هه‌تاوی ده‌رچوو، دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی له به‌رزترین ئاستی خۆیدا به به‌رپرسیاری تێرۆری دوکتور شه‌ڕه‌فکه‌ندی و هاوڕێیانی ناساند. حوکمێک که له ئاستی دیپڵۆماسییشدا لێکه‌وته‌ی گرینگ و بێوینه‌ی هه‌بوو چونکه ده‌وڵه‌تانی یه‌كێتیی ئورووپا بۆ ماوه‌یه‌ک باڵیۆزه‌کانیان له ئێران بانگ کرده‌وه.
دوکتور سادقی شه‌ڕه‌فکه‌ندی له بنه‌ماڵه‌یه‌کی ناسراو و نیشتمانپه‌روه‌ری ناوچه‌ی موکریان هاتبووه دنیا و له‌ژێر سایه‌ی مامۆستا هه‌ژاری برا گه‌وره‌یدا زۆر زوو به چاره‌نووسی گه‌لی کورد ئاشنا‌و و له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی خه‌بات بۆ ئازادیی ئه‌و گه‌له تێکه‌ڵ بوو و هه‌ر به‌و هۆیه‌ش زۆر جار لە لایەن ڕێژیمی پاشایەتییەوە تووشی ئازار و دوورخستنه‌وه ببوو. ئه‌و هه‌ر له سه‌رده‌می خوێندکارییه‌وه به‌تایبه‌تی ئه‌و کاته‌ی له پاریس خه‌ریکی وه‌رگرتنی دوکتوڕای شیمی بوو، له‌ڕێگای دوکتور قاسملووه‌وه په‌یوه‌ست بە ڕیزەکانی حیزب ببوو و دواتریش کاتێك وه‌ك مامۆستای زانکۆ لە تاران ده‌ستبه‌کار بوو، به نهێنی ئه‌رکی پێوه‌ندیی نێوان حیزب و کورده‌کانی دانیشتووی تارانی به‌ڕێوه ده‌برد. به‌ڵام پاش شۆڕشی ١٣٥٧ و ده‌ستپێکردنی تێکۆشانی ئاشکرای حیزبی دێموکڕات، دوکتور شه‌ڕه‌فکه‌ندی نیشانی دا که جیا لە شارەزابوونی لە زانست، خه‌باتگێڕێکی بوێر و به‌ئیراده، به‌ڕێوه‌به‌رێکی لێبڕاو و به‌به‌رنامه و سهرکردهیهكی به‌بڕشت و مه‌یدانی له هه‌لومه‌رجه هه‌رە دژوارهکانیشدایه.
شه‌ڕه‌فکه‌ندی که له مه‌ودای نێوان سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران دژ بە نیزامی پاشایەتی هه‌تا کاتی شه‌هیدبوونی دوکتور قاسملوو به‌رپرسایه‌تیی زۆر بەرچاو و گرینگی حیزبیی له ئه‌ستۆ بوو و هه‌ر ئه‌و کاته له ڕیزه‌کانی حیزب‌دا بۆخۆی قوتابخانه‌یه‌ک بوو بۆ وانه‌ی وره و باوه‌ڕ و پره‌نسیپ و مودیرییه‌ت، له‌گه‌ڵ شه‌هید بوونی دوکتور قاسملوو ده‌موده‌ست له جێگه و پێگه‌ی رێبه‌رێكی سیاسیی به‌ئه‌زموونی کورددا ده‌رکه‌وت و مه‌شخه‌ڵی ده‌ستی دوکتور قاسملووی پڕشنگدارانه هه‌ڵگرته‌وه. له‌حاڵێکدا که له بارودۆخێکی زۆر ناهه‌مواردا حیزبی دێموکڕات گه‌وره‌ترین و کاریگه‌رترین که‌سی مێژووی خۆی له‌پاش پێشه‌وا واته دوکتور قاسملووی له‌ده‌ست دابوو، دوکتور شه‌ڕه‌فکه‌ندی به مشوور و لێزانیی خۆی و به هاوکاری و پشتیوانیی هاوڕێ و هاوکارانی کارێكی کرد که حیزبی دێموکڕات به باشترین شێوه‌ی مومکین له‌م قۆناغە ئه‌سته‌مه‌ی مێژووی خۆی تێپه‌ڕ بێ. له‌و ماوه که‌مه‌دا که به‌رپرسایه‌تیی یه‌که‌می حیزبی له‌سه‌رشان بوو، شه‌ڕه‌فکه‌ندی به لێهاتووییه‌کی تایبه‌تییه‌وه جێگه و پێگه‌ی حیزبی دێموکڕاتی له‌سه‌ر ئاستی بزوتنه‌وه‌ی کورد و له‌نێو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و کۆڕ و کۆمه‌ڵه‌کانی ده‌ره‌وه‌دا پاراست و په‌ره‌ی پێدا. له به‌جێگه‌یاندنی ئه‌و ریساله‌ته سیاسی و خهباتگێڕییهشدا، دوکتور شه‌ڕه‌فکه‌ندی وێڕای ئه‌وه که مرۆڤێکی بیرفراوان و خاوه‌ن رۆئیای ئینسانی و سێکولار و دادپه‌روه‌رانه بوو، ئیمانێكی قووڵی به ئه‌وله‌وییه‌تی پرسی رزگاریی نه‌ته‌وایه‌تی هه‌بوو و له‌گه‌ڵ باوه‌ر به پێویستیی هاوکاری و هاوپێوه‌ندی له‌ئاستی سه‌راسه‌ریی ئێران‌دا، به‌وپه‌ڕی متمانهبهخۆبوونەوە داکۆکیی له مه‌وجودییه‌تی سیاسیی نه‌ته‌وه‌ی کورد و هه‌قانیه‌تی مافی دیاریکردنی چاره‌نووسی ئه‌و گه‌له ده‌كرد.
ئێمه ئه‌مڕۆ له کاتێکدا یادی دوکتور شه‌ڕه‌فکه‌ندی و هاوڕێیانی به‌رز ڕاده‌گرین و ئه‌و جینایه‌ته‌ی کۆماری ئیسلامی وەبیر دەخەینەوە که هه‌لومه‌رجی خه‌باتی گه‌لان له دنیادا و دۆزی ڕه‌وای کورد گۆڕانی زۆریان به‌سه‌ردا هاتووه و کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش له‌به‌ر ماهییه‌تی دژه ئینسانی و دژه دێموکراتیکی خۆی و بێباوەڕبوونی بە چاره‌سه‌ری کێشه‌كانی وڵات له هه‌موو کاتێک زیاتر له‌گه‌ڵ ڕق و بێزاریی خه‌ڵکی ئێران و پێکهاته‌کانی به‌ره‌وڕوو بۆته‌وه و به‌هۆی سیاسه‌تی ئاژەوەگێڕانە و تێکده‌رانه‌ی له ئاستی ده‌ره‌وه‌دا جێگه و پێگه‌ی ناوچه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌یی له خراپترین دۆخی دایه.
هه‌روه‌ك چۆن دوکتور شه‌ڕه‌فکه‌ندی له‌و باوه‌ڕه‌دا بوو که لە بارودۆخی ئاماژەپێکراودا ده‌بێ هێزه سیاسییه‌کانی نه‌یاری کۆماری ئیسلامی هان بدا که هه‌م له‌نێو خۆیاندا له‌سه‌ر بنه‌مای دێموکڕاتیک و به‌دیتنی واقعیاتی کۆمه‌ڵگای ئێران یه‌ک بگرن و هه‌م پشت به هێزی هه‌راوی خه‌ڵك ببه‌ستن، ئه‌مڕۆش حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران له‌و باوه‌ڕه‌دایه که سی ساڵه‌ی تێرۆری میکۆنۆس و بیره‌وه‌ریی سه‌رجه‌م شه‌هیدانی رێگای ئازادی و دێموکڕاسی له کوردستان و ئێران ده‌بێ بکرێنه هه‌وێن و هانده‌ر بۆ ئه‌وه‌ی وێڕای ریسواکردن و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هه‌رچی زیاتر و باشتری پیلان و تاوانه دژه مرۆییه‌کانی کۆماری ئیسلامی له به‌رامبه‌ر خه‌ڵک و نه‌یارانی، زه‌رفیه‌ت و توانای خه‌بات بۆ ئاڵوگۆڕی ئازادیخوازانه له ئێران له هه‌موو به‌ستێنه‌کاندا به جۆرێك ڕێك و یه‌ك بخرێ که کۆتایی به ته‌مه‌نی نگریسی ئه‌و رێژیمه بێنێ و سه‌ره‌نجام زه‌مینه‌یه‌ک دروست بێ که له‌ودا گه‌لانی ئێران به ئازادی و له پێگه‌ی یه‌کساندا بۆ دواڕۆژی هاوبه‌شیان بڕوانن و گه‌لی کوردیش به مافه ره‌واکانی خۆی بگا. ئه‌وه‌ش پێویستیی به به‌خۆداچوونه‌وه و مایهلهخۆدانان و مشوور و کاردرووستایی له هه‌موو ڕه‌هه‌ند و بازنه‌کانی هاوخه‌باتی له ئاستی کوردستان و ئێران‌دا هەیە.
هه‌ر له‌و پێناوه‌دا زۆر جێگای سه‌ربه‌رزیی حیزبه‌که‌مان و دڵخۆشیی خه‌لکی کوردستان و دۆستانی گه‌لی کورده که نزیک به مانگێک له‌مه‌وبه‌ر پرۆسه‌ی یه‌كگرتنه‌وه‌ی حیزبی دێموکڕات به ئه‌نجام گه‌یشت و درێژه‌ده‌رانی رێگای دوکتور قاسملوو و دوکتور شه‌ڕه‌فکه‌ندی توانیان سه‌رله‌نوێ له چوارچێوه‌ی حیزبێكی یه‌کگرتوودا خه‌باتی شێلگیرانه‌ی خۆیان درێژە بدەن. حیزبی دێموکڕات به له‌به‌رچاوگرتنی ریساله‌تی مێژوویی سه‌رشانی و چاوه‌ڕوانیی خه‌ڵکی کوردستان ئه‌م ده‌سکه‌وته پیرۆزه و بیره‌وه‌ریی سیهه‌مین ساڵوه‌گه‌ڕی تێرۆری دوکتور شه‌ڕه‌فکه‌ندی و شه‌هیدانی تری خه‌رمانانی خوێناوی ده‌کاته ده‌رفه‌تێک بۆ نوێکردنه‌وه‌ی په‌یمان و بڕیاری به‌رده‌وامی له خه‌باتی شێلگیرانه و به‌رپرسیارانه هه‌تا وه‌دیهێنانی ئامانجی شه‌هیدان. په‌یامی ئێمه بۆ تێکۆشه‌رانی دێموکڕات؛ پاراستنی یەکڕیزی و هاوهەڵوێستی و ئه‌رک وه‌خۆگریی زیاتریانە.
بەڕێز بێ یاد و بیره‌وه‌ریی دوکتور سادقی شه‌ڕه‌فکه‌ندی و هاوڕێیانی و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی رێگای رزگاریی کوردستان.
نه‌مان و شه‌رمه‌زاری بۆ رێژیمی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ناوه‌ندی به‌ڕێوه‌به‌ریی گشتی
خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی