کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی یادی شەهیدانی میکونۆس لە ٣٠ـەمین ساڵوەگەڕیدا

13:42 - 27 خەرمانان 2722

لە فەرانسە بەبۆنەی ٣٠ـەمین ساڵڕۆژی شەهیدانی میکۆنوس ڕێوڕەسمێک لە گۆڕستانی پێرلاشێز بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٧ی سێپتامبری ساڵی ٢٠٢٢ی زایینی بەرانبەر لەگەڵ ٢٦ی خەرمانانی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی بەمەبەستی ڕێزگرتن لە یادی شەهیدانی میکونۆس، دوکتور "سادق شەرەفکەندی، فەتاح عەبدولی، هومایوون ئەردەڵان و نووری دێهکوردی" ڕێوڕەسمێک لە گۆڕستانی پێرلاشێز بەڕێوە چوو.

لە ٣٠ـەمین ساڵوەگەڕی شەهیدانی میکونۆسدا بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامان، لایەنگران، کەسایەتی و نوێنەرانی حیزب و لایەنە کوردستانی و ئێرانییەکان، لەلایەک ڕێز لە خەبات و یادی ڕێبەرانی شەهیدی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گیرا و لە لایەکی دیکەشەوە پەیمان لەگەڵ شەهیدان نوێ کرایەوە کە ڕێگای ئەو شەهیدانە درێژەی هەیە.

ئەم ڕێوڕەسمە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" دەستی پێکرد و پاش خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان، بە دانانی تاجەگوڵینە لەسەر ئارامگەی شەهیدان درێژە بە مەراسمەکە درا.

پاشان پەیامی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە زمانی کوردی لەلایەن "هەڵمەت ڕەحمەت پوور" بە زمانی کوردی خوێندرایەوە.

لە درێژەی ئەم مەراسمەدا دوکتور "کەنداڵ نەزان" سەرۆکی ئەنستیتۆی کورد لە پاریس بە زمانی فەرانسەیی باسی لە کەسایەتیی دوکتور سادق شەرەفکەندی لە کاتی دەرس خوێندن بۆ پلەی دوکتورا تا کاتی پەیوەستبوون بە کاروباری سیاسی و ڕۆڵی ئەو لە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کورد و کوردستاندا کرد.

"مادام جۆیس بلوو" مامۆستای زمانی کوردیش باسێکی لە بیرەوەرییەکانی لەگەڵ دوکتور شەرەفکەندی کرد.

لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا "حەسەن ساڵحزادە" بە نوێنەرایەتیی سێ لایەنی کۆمیتەی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ، شۆرای دێموکراسیخوازانی ئێران و هاوپێوەندیی بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێراندا پەیامەکانیانی پێشکەش کرد.

هەروەها لە بڕگەیەکی دیکەدا "عەزیز ماملێ" بەرپرسی ئەنجومەنی کوردەکانی دانیشتووی فەرانسە وتاری خۆی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد و دواتریش خاتوو "ئێران" پەیامی ڕێکخراوی ئیتحادی فدائیانی خەلقی ئێرانی خوێندەوە.

پاشان پەیامی "پارتی ئازادیی کوردستان ـ باکوور "پاک" لە لایەن "ئێحسان" پێشکەش کرا.

دواتر وتاری حیزبی چەپی ئێران لەلایەن "پەرویز نەویدی"‌ـەوە پێشکەش کرا.

لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی فەرانسە لەلایەن "خەبات قوربانیی ئەقدەم" خوێندرایەوە.

پاشان بەشداربووان، سەردانی گڵکۆی شەهیدانی ڤییەن، دوکتور" قاسملوو" و "عەبدوڵڵا قادری ئازەر"یان کرد.