کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری "مستەفا قازی‌زادە" نوێنەری پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە ئاڵمان لەگەڵ "کۆنی ڕۆیتە"

13:45 - 27 خەرمانان 2722

مستەفا قازی‌زادە" نوێنەری حیزبی دێموکرات، لە دیدار لەگەڵ "کۆنی ڕۆیتە" باسی یەکگرتنەوەی دوو لایەنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد."

ڕۆژی هەینی ٢٥ی خەرمانان بەرانبەر بە ١٦ی سێپتامبری ٢٠٢٢ی زایینی "مستەفا قازی‌زادە" نوێنەری پەیوەندییەکانی دەرەوەی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی ئاڵمان چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ "کۆنی ڕۆیتە"( Conny Reuter) بەرپرسی    Progressive Alliance لە بێرلین ئەنجامدا.

لەو دانیشتنەدا "قازی‌زادە" نوێنەری حیزبی دێموکرات باسی یەکگرتنەوەی دوو لایەنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد.

هەروەها باسی لە هەڵسوکەوتەکانی ڕێژیمی  تێرۆریستی ئێران دژی کورد و بەتایبەتی ٣٠ ـەمین ساڵوەگەڕی تێرۆڕی نەمر دوکتور "سادق شەرەفکەندی" و هاوڕێیانی لە ڕۆژی ٢٦ی خەرمانانی ١٣٧١ی هەتاوی بەرانبەر بە ١٧ی سێپتامبری ١٩٩٢ کرد.

ناوبراو ئاماژەی بە دوایین جووڵەی تێرۆریستی لەسەر نەمر "مووسا باباخانی" لە ساڵی ١٤٠٠ کرد کە نەمر "باباخانی" بوو بە قوربانیی ئەو تێرۆرە.

نوێنەری حیزبی دێموکرات شی کردەوە کە ئەو تێرۆرانە نەک هەر لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەڵکوو لە "ئورووپا"ش بەڕێوە دەچێت. لە وێنەی ئەو هەڵسوکەوتانە مەحکوومکردنی دیپلۆمات تێرۆریستی ئێران، "ئەسەدوڵڵا ئەسەدی" لە وڵاتی بێلژیک هاتە بەر باس.

"مستەفا قازی‌زادە" هەروەها باسی هێرشەکانی ڕێژیمی ئێرانی بە تۆپخانە، مووشەک و دڕۆن بۆ سەر کوردستانی باشوور کرد. هەروەها باسی لە دەسبەسەرکردنەکانی بەکۆمەڵی خەڵکی کورد بە بیانووی ساختەیی تەنیا بۆ ئازاری گەلی کورد کرد. 

لەو دیدارەدا چەند خاڵی گرینگی سیاسەتی ڕێژیمی ئێران لە ئاستی "نێونەتەویـ"ـیـەوە هاتنە بەرباس کە بریتی بوون لە:

بێئاکامبوونی وتووێژەکانی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، مەحکوومکردنی ئێران لەلایەن وڵاتانی ئاڵمان، فەرانسە و بریتانیا بەهۆی دژبەریی ڕێژیم بۆ بە شکستکێشانی وتووێژەکانی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران.

بادانەوەی ڕێژیمی ئێران بەرەو وڵاتانی ڕووسیە و چین بۆ بەربەستکردنی پاڵپشت سەبارەت بە ململانێکانی ئێران و وڵاتانی ڕۆژاوایی.

پشتگریی ئێران لە ڕووسیە لە شەڕی دژی وڵاتی ئۆکراین و فرۆشتنی دڕۆن بە ڕووسیە و هەروەها دانوستانی ئابووری لەگەڵ ئەو وڵاتە.

"کۆنی ڕۆیتە" تێرۆری دوکتور "شەرەفکەندی" و هاوڕێیانی مەحکووم  کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات کرد.