کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوڕسمی ٣٠ ساڵەی تێرۆری میکۆنۆس لە برلینی ئاڵمان

00:24 - 28 خەرمانان 2722

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە مەبەستی ڕیسواکردنەوەی تیرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران و ھەروەھا نوێ‌کردنەوەی پەیمانی وەفا لەگەڵ ڕێبەرانی شەھید، بە تایبەت شەھیدانی میکۆنۆس ڕێوڕەسمێکی بەشکۆی لە شاری بڕلین، پێتەختی ئاڵمان بەڕێوە برد.

لەو ڕێوڕەسمەدا کە پێشنیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ٢٦ی خەرمانان (١٧ی سێپتامبری ٢٠٢٢ی زایینی) بەڕێوەچوو، هەزاران کەس لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات و جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی کورد بەشدار بوون.

بەشدارانی ڕێوڕەسمەکە سەرەتا لە گۆڕەپانی (Adenauerplatz) لە بێرلین کۆ بوونەوە و بە ڕێپێوان بەرەو مینۆمێنتی شەهیدانی میکۆنۆس وەڕێ کەوتن.

ئەم ڕێوڕەسمە لە شوێنی کۆبوونەوەکە بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی میکونۆس دەستی پێ کرد. پاشان پەیامی کۆمیتەی ئامادەکاری بۆ سیهەمین ساڵوەگەڕی تیرۆری شەهیدانی میکۆنۆس خوێندرایەوە.

لە بڕگەی سەرەکیی ڕێوڕەسمەکەدا کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئیران پەیامی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی پێشکێش کرد و دواتر پەیامی "ڤۆڵفگانگ وییلاند" یەکێک لە پارێزەرەکانی قوربانییانی تێرۆری میکۆنۆس خوێندرایەوە.

خوێندنەوەی پەیامی خاتوو دوکتۆر "ئولڕیکە بێکەر" بەرپرس لە ناوەندی ئاشتیی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، پەیامی خاتوو "مۆنیکا تییمن" شارەوانی پێشووی ناوچەی "شارلۆتن بێرگی بێرلین" کە لەسۆنگەی هەوڵ و تێکۆشانی ئەو خاتوونە مۆنۆمێنتی میکۆنۆس داندرا؛ خوێندنەوەی پەیامی ئینترناسیۆنال سۆسیالیست لەلایەن کاک مەولوود سوارە، نوێنەری حیزب لە ڕێکخراوی ئینترناسیۆنال سوسیالیست بڕگەکانی دواتری ئەو ڕێوڕەسمە بوون.

ڕێوڕەسمی یادی ٣٠ ساڵەی شەهیدانی مێکونۆس بە سروودی "شەڕەفکەندی" لەلایەن کۆڕی سروودی حیزبی دێموکرات لە ئاڵمان درێژەی پێ درا و دواتر بە ڕیز ئەو پەیامانە خوێندرانەوە: پەیامی کۆمیتەی ئامادەکاریی ڕێوڕەسمە بە زمانی فارسی لەلایەن کاک سیاوەش محەممەدی، پەیامی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدڕاڵ، پەیامی حەمید نەوزەری، کەسایەتیی ئێرانی و بەرپرسی ناوەندی پەنابەرانی سیاسیی ئێرانی لە بێرلین، پەیامی شوورای دێموکڕاسیخوازان.

خوێندنەوەی دوو پەخشان لەلایەن کاک ئەحمەد شێڕبەگی و هاوژین حوسێنی، کچی شەهید بەرزان حوسێنی دوو بڕگەی ئەدەبیی ئەو ڕێوڕەسمە بەشکۆیە بوون و لەدوا بڕگەی بەرنامەکانی سیهەمین ساڵوەگەڕی شەھیدانی میکۆنۆسدا ناوی ئەم ھێز و لایەنە سیاسییانە خوێندرایەوە کە بەو بۆنەیەوە نێردرابوو. ئەو ڕێکخراوانە بریتی بوون لە: ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، پارتی سۆسیالیستی کوردستان لە تورکیە، بزووتنەوەی کۆماریخوازانی دێموکرات و لائیکی ئێرانی فیدڕاڵ، حیزبی تەزامینی دێموکراتی ئەهواز، کۆمیتەی ناوەندیی یەکیەتیی فیداییانی گەلی ئێران، شوڕای کاتی سۆسیالیستە چەپەکانی ئێران، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، پارتی ئازادیی کوردستان و بەڕێز حەسەن شەریعەتمەداری، سکرتێری گشتیی شوڕای مودیرییەتی گوزار.

لە کۆتایی ئەو ڕێوڕەسمە پڕشکۆیەدا سپاسنامەیەک بە زمانی ئاڵمانی خوێندرایەوە کە لەودا ئاماژە بە ناوی هەموو دادستان، دادوەر، پارێزەر و هەموو ئەو کەسانە کرابوو کە ڕۆڵیان لە دادگاییکردن و دەرکردنی بڕیاری بوێرانەی دادگای میکۆنۆسدا هەبوو.

ڕێوڕەسمی ٣٠ ساڵەی تێرۆری مێکونووس بە سروودی "ئەی شەهیدان" کە لەلایەن سەرجەم بەشدارانەوە دەگوترایەوە، کۆتایی پێ هات.