کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی وێبینارێکی تایبەت بە ساڵڕۆژی شەهیدانی میکۆنۆس لە کانادا و ئامریکا

12:58 - 28 خەرمانان 2722

کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات لە وڵاتانی کاناد و ئامریکا ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی خەرمانان بەبۆنەی ساڵڕۆژی تێرۆرکردنی دوکتور سادق شەرەفکەندی و ڕێزگرتن لە شەهیدانی میکۆنوس وێبینارێکی بەڕیوە برد.

لەو وێبینارەدا ڕەحیم ڕشیدی، بەرپرسی گشتیی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی ئامریکا، لەسەر ڕۆڵی کاریگەر و پڕبایەخی شەهید دوکتور شەرەفکەندی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستاندا باسێکی پێشکەش کرد و پشتیوانیی هەمەلایەنی ئامادەبووانی بۆ مانگرتنی جەماوەری خەڵکی کوردستان بەهۆی کوژرانی بێبەزەیانەی ژینا ئەمینی بە دەستی مرۆڤ‌کوژەکانی کۆماری پەت ‌و سێدارە دەربڕی و لەو بارەویەوە باسی لە خۆپێشاندانەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی بەشێک لە شارەکانی کوردستان بە گشتیی و شاری سەقز بە تایبەتی کرد کە کۆی سیستمی کۆماری ئیسلامییان ڕەت کردۆتەوە و ئەوەشی وەکوو بەڵگەی زیندووی کۆمەڵی کوردستان لێک‌دایەوە.

لە برگەیەکی دیکەی وێبینارەکەدا کاک سدیق بابایی، ئەندامی پێشووی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات لە وتارێکدا باسی لە لایەنە جۆراوجۆرەکانی ژیان و کەسایەتیی بەرزی دوکتور شەرەفکەندی و هاوڕێکانی کرد. 

بەڕێزیان لە باسەکەیدا بە پوختی و بە فاکتەوە لەسەر تیرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی بۆ بەشداربووان دوا. هەروەها بە ئاماژە بە ئامادەبوونی هەزاران کەس لە ئەویندارانی ئازادیی ڕێبازی شەهیدانی میکۆنوس لە ڕێوڕەسمی ٣٠ ساڵەی تێرۆری مێکونۆس لە بێرلینی ئاڵمان، یەکریزیی حیزبی دێموکراتی بە قازانجی خەباتی نەتەوایەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لێک‌دایەوە و داوای کرد بۆ جۆشدانی خەبات و درێژەدان بە ڕێبازی شەهیدان یەکریزیی کوردستانی پتەوتر بکرێ.