کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فینلاند/ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بۆ مەحکوومکردنی قەتڵی ژینا ئەمینی و پشتیوانی‌کردن لە خۆپیشاندانەکانی ئێران و کوردستان

11:51 - 30 خەرمانان 2722

لە شاری تورکووی وڵاتی فینلاند کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بۆ شەرمەزارکردنی کوژرانی ژینا ئەمینی بە دەستی جەنایەتکارانی کۆماری ئیسلامی و هەروەها پشتیوانی لە ڕاپەڕینەکانی کوردستان و ئێران بەڕێوە چوو.

ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی خەرمانان،  بەشێکی بەرچاو لە کوردستانیان و ئێرانییەکانی دانیشتووی شاری تورکوو لە وڵاتی فینلاند، کۆبوونەوەێکی بەرینیان بۆ شەرمەزارکردنی کوشتنی خاتوو ژینا ئەمینی و پشتیوانی لە ڕاپەڕینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەڕێوەبرد.

 لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، بەڕێوەبەرانی بەرنامەکە  بە سێ زمانی کوردی، فارسی و فینلاندی ئامانجی کۆبوونەوەکەیان خستە ڕوو، هەروەها پەیامێک ڕوو بە دەوڵەتی فینلاند لە سەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە زمانی فینلاندی پێشکەش کرا.

بەشداربووان لە درێژەی بەرنامەکانیاندا، بە زمانی کوردی و فارسی چەندین دروشمی پشتیوانی لە ژنانی کوردستان و ئێران و هەروەها  دژ بە کۆماری ئیسلامییان وتەوە.

لە بەشێکی  دیکەی بەرنامەکەدا سەید ئەحمەد حوسێنی وتارێکی بە زمانی کوردی پێشکەش کرد، ناوبراو ئاوڕی لە جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان و ئێران دایەوە و ڕایگەیاند گەلی کورد هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاری ئەم ڕێژیمەوە "نا"ی، بە کۆماری ئیسلامی وتووە کە تا ئێستاش دڕێژەی هەیە.

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا باسی لە چۆنییەتی شەهیدکردنی ژینا ئەمینی کرد کە زۆر بێبەزەییانە لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەدا گیانی لە دەست داوە.

 بەشێکی دیکەی بەرنامەکە تەرخان کرابوو بۆ هۆنراوە و سروودی شۆڕشگێری کە لەلایەن بەشدارانەوە پێشکەش کران.

کۆتا برگەی ئەم کۆبوونەوەیە بە سروودی ئەی شەهیدان کۆتایی پێهات.