کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانێک بۆ مەحکوومکردنی کوژرانی ژینا ئەمینی لە وڵاتی سوئید

12:28 - 30 خەرمانان 2722

کوردانی دانیشتووی شاری یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوئید، لە گردبوونەوەیەکی جەماوەریدا، پاڵپشتیی خۆیان بۆ خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەربڕی و کوژرانی ژینا ئەمینی و لاوانی کوردیان مەحکووم کرد.

رۆژی سێشەممە، ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی، کوردانی دانیشتووی شاری یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوئید، لە گردبوونەوەیەکی جەماوەریدا پاڵپشتیی خۆیان بۆ خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەربڕی و کوژرانی ژینا ئەمینی و لاوانی کوردیان بەدەستی بکوژانی ڕێژیمی ئێران مەحکووم کرد.

لەم گردبوونەوەیەدا چەندین ڕێکخراو و لایەنی سیاسی بەشداربوون و پەیام و وتاریان پێشکەش کرد کە پێکهاتبوون لە:

ـ ڕێکخراوی کۆمەڵەی ژنانی کورد لە یۆتۆبۆری کە لە لایەن "ژیلا فەرەجی"ـەوە پێشکەش کرا.

ـ پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران کە لە لایەن "ڕەزا لوتفی"ـەوە پێشکەش کرا.

ـ وتاری "کێنێت فۆرشلوند" بەرپرسی لێژنەی سیاسەتی دەرەوەی پارلەمانی سوئید.

ـ پەیامی یەکیەتیی ژنانی سۆسیال دێموکرات بە زمانی ئینگلیزی کە لەلایەن "کۆچەر وەلەدبەیگی"ـەوە پێشکەش کرا.

ـ پەیامی هێز و لایەنە سیاسییە کوردییەکانی شاری یۆتۆبۆری

ـ وتاری "ڤکتۆریا رۆکڵۆند" ئەندامی شارەوانیی یۆتۆبۆری لە حیزبی سۆسیال دێموکرات

ـ  پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە زمانی سوئیدی کە لە لایەن "تریفە ئەمینی"ـەوە پێشکەش کرا

جێی ئاماژەیە کە نوێنەرانی پارلەمانی سوئید لەم گردبونەوەیەدا بەشدار بوون.

درێژەی گردبونەوەکە بە خوێندنی چەند سروودی نیشتمانی لە لایەن کۆڕی هونەریی کۆمەڵەی ژنانی کورد لە یۆتۆبۆری بەڕێوەچوو.

لە کۆتایدا بەشداران تێکڕا دروشمیان دا

"ئێمە کوردین ئەمێنین، تۆڵەی ژینا ئەسێنین"

 "داگیرکەری ئێرانی، قاتڵی ژینامانی"