کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە نیۆیۆرک خۆپیشاندان دژی كوشتنی ژینا ئەمینی و سەرکۆماری ئێران بەڕێوە چوو

12:08 - 31 خەرمانان 2722

خۆپیشاندانێكی جەماوەری لە بەردەم ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان دژی هاتنی ڕەئیسی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران بۆ نیۆیۆرک و کوشتنی ژیان ئەمینی بەڕێوە چوو.

ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی خەرمانان، ڕەوەندی ئێرانی بەشێویەکی بەرچاو لە شاری نیۆیۆرک وهاوكات لەگەڵ مانگرتن و ناڕەزایەتیی جەماوەری لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران، لە بەردەم ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان دژی هاتنی ڕەئیسی، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران و کوشتنی "ژینا ئەمینی" خۆپیشاندانێكی جەماوەرییان بەڕێوە برد.

ئامادەبووان بە بەرزكردنەوری ئاڵای وڵاتەکانیان و وێنەی ژینا و پلاكاردی جۆربەجۆر دژی سیاسەتی کوشتار و تێرۆری ڕێژیمی ئێران دروشمیان وتەوە و داوایان لە دەسەڵاتدارانی ئێرانی كرد ڕێز لە مافەكانی مرۆڤ بگرن و سیاسەتی كوردكوژی كۆتایی پێ بێنن و ڕوو بە جیهان خوازیاری ئەوە بوون دژی کۆماری ئیسلامی هەڵوێست بگرن.

لەو گردبوونەوەیەدا، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە ئامریکا و کانادا بەشدارییەکی چالاکانەیان هەبوو؛ ئەوان لە ڕێگای ئاخاوتن و میدیاکانەوە سیاسەت و پیلانگێڕییەکانی ڕێژیمی ئێرانیان لەقاو دا و هەورەها پشتیوانیی خۆیان بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دووپات کردەوە.

لەو کۆبوونەوە جەماوەرییەدا کەسوکاری قوربانییانی خستنەخوارەوەی فڕۆکەی ئۆکراینی و گیراوە سیاسییەکان و هونەرمەندانی ناسراوی ئێرانی بەشدار بوون و وتاریان پێشکەش کرد و بە ستایشەوە باسیان لە خەبات و خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان کرد.

''ڕەحیم ڕەشیدی'' لەنێو ئاپۆرای ئێرانییەکاندا وتارێکی پێشکەش کرد وتی: ''شانازی دەکەین کە لە ڕێفراندۆمدا وەکوو کوردستان دەنگمان بە کۆماری ئیسلامی نەدا، ڕێژیمی ئێران ئەوندە لەرزۆکە کە لەپرچی ژینا دەترسێ و ئەمەش ئاماژەیە بۆ لاوازیی ئەو ڕێژیمە''.

ڕەشیدی لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد قەتڵی ژینا هەمووانی یەک خستووە و پێویستە ئەو یەکگرتوویە بپارێزین و پێکەوە هەوڵی ڕووخانی ڕێژیم بدەین.

ناوبراو لە درێژەدا باسی لەوە کرد کە کوردستان ئیدی هەست بە پەراوێزخستن و تەنیایی ناکات و خەباتی ئێمە لە ڕابردووشدا بۆ ئازادی و دێموکراسی و مافەکانی مرۆڤ بووە تاکوو ژیناکان شکۆ و کەرامەتیان پارێزراو بێت.

بەرپرسی کۆمیتەی گشتیی حیزب لە ئامریکا، کۆماری ئیسلامیی بە شێری ماڵەوە و ڕێوی دەرەوە ناوزەد کرد کە تەنانەت بۆ کوشتنی باڵاترین مۆرەی خۆیان واتە قاسم سلێمانی نەیانوێرا هیچ کردەوەیەک لە خۆیان نیشان بدەن و ئەمڕۆ دەبا ڕەئیسی لە بەندیخانە بایە و ئێمە وەکوو نەتەوە ژێر ستەمەکانی ئێران ڕادەگەیەنین کە ناوبراو نوێنەرایەتیی ئێمە ناکات.

وتاری ڕەحیم ڕەشیدی لەگەڵ پێشوازی و چەپڵەڕێزانی بەردەوامی ئامادەبووان ڕووبەروو بوویەوە.