کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: لە هەر شوێنێک بە پێویستی بزانین وەڵاممان بۆ دەستدرێژییەکانی ڕێژیم دەبێ

14:41 - 31 خەرمانان 2722

(دەقی قسەکانی کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕێوڕەسمی ٣٠ ساڵەی مێکونووس لە شاری بڕلین)

هاوڕێیانی حیزبی!

کادر و ئەندامان و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران!

سی ساڵ پێش ئێستا لەو شەقامە کە بە "پڕاگرئێشتراسێ" بەناوبانگە و لەو ڕێستوورانەی لەلای ڕاستی من هەڵکەوتوە، ڕێبەری حیزبەکەمان دوکتور سادق شەرەفکەندی، هەروەها کاک فەتاح عەبدولی، کاک هومایوون ئەردەڵان و نووری دێهکوردی، لێرە تیرۆر کران.

ئەوکات کە ئەوان تێرۆر کران ئەو شەقامە چۆل بوو، بەڵام ئێستا لە سی ساڵەی یادی ئەواندا ئێوە دێموکرات و دێموکراتەکان ئەو شەقامەتان پڕ کردوە لە دەربڕینی پەیامی هاودەردی و مەحکومکردنەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەروەها ناردنی سڵاو بۆ شەهیدان و پێدانی ئەو پەیامەی کە ڕێگاتان بەردەوام درێژەی هەیە. ئەو ڕێگایە ڕێبازی حیزبی دێموکراتە و ئێمە لە هەر شوێنێک زەربەیەکمان لێ بدەن، زەبری دوژمنمان بێ‌وەڵام نەهێشتۆتەوە و ڕێبازی دێموکرات و بیر و باوەڕی دێموکرات هەمیشە توانیویەتی شەقام و کۆڵانەکان و شوێنە گشتییەکان بە نفووزی جەماوەریی خۆی پڕ بکا و لە پرسی خۆی بەخاوەن دەرکەوێت. ئەوڕۆش لێرە لە بێرلین، لێرە لە "پڕاگرئێشتراسێ" بۆ جارێکی دیکە ئێرەمان پڕ کردەوە بۆوەی بۆ جارێکی دیکە هەموومان بەیەکەوە لەگەڵ ڕێبەرانی شەهیدمان بەڵێن نوێ کەینەوە کە ڕێگا و ڕێبازی ئەوان زیندوویە. جێگای خۆیەتی هەر لەو شوێنەی کە دوکتور شەرەفکەندی و هاوڕێیانی تیرۆر کران پێیان بڵێین کە هەموو هەوڵی ئێوە بۆ ئەوە بوو لانی کەم لەو ڕێستوورانە لەگەڵ لایەنە ئێرانییەکان کۆ ببوونەوە و یەکڕیزی و یەکگرتوویی بەرەی ئێرانی دژی کۆماری ئیسلامی دروست بکەن، ئەمڕۆکە حیزبەکەی ئێوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بۆوە بە یەک و داهاتووش هەر بۆ ئێمەیە.

هاوڕێیانی خۆشەویست!

لە مێژووی حیزبی ئێمەدا، لە پێشەواوە بگرە تا دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی و هاوڕێیانیان کە لەگەڵیان شەهید بوون، ئەوان بە توانایی و کار و کردوە و سیاسەت و عەقڵییەتی ڕێبەریی خۆیان سەرمایەیەکی قورسیان بۆ ئەو حیزبە بەجێ ‌هێشت. تێرۆر و ئێعدامی ڕێبەرانمان هەرچەند داخێکی گران بوو بۆ نەتەوەی کورد لە ئێران و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەڵام هاوکات ئەوەشی سەلماند کە بە تێرۆری ڕێبەرانی ئێمە ئەو میللەتە بەچۆک دانەهات و هیچ‌کاتیش بەچۆک دانایا.

ڕووداوی میکۆنووس تەنیا بەوە کۆتایی نایا کە دوکتور شەرەفکەندی و کاک فەتاح عەبدولی و کاک هومایوون ئەردەڵان و نووری دێهکوردی تێیدا تیرۆر کران، بەڵکوو زۆر بابەتی دیکە هەڵدەگرێ:

یەکەم، بۆچی حیزبی دێموکرات و دوکتور شەرەفکەندی و هاوڕێیانی کران بە ئامانج؟ لەبەر ئەوەی کە جووڵانەوەی کوردستانی ئێران و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئەو حیزبەیە کە لە ڕۆژی دامەزرانیەوە تا ئێستا بەردەوام لە خەبات و تێکۆشاندا بووە و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو بە قەڵای کوردایەتی و هەوڵ و تێکۆشان لە پێناو ئامانجە بەرزەکانی نەتەوەی کورد.

دووهەم، دەوری سەرەکیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە خەبات و تێکۆشان لەو بوارەدا موقعییەتێکی باشی نێوخۆیی لە پێوەندی لەگەڵ لایەنە ئێرانییەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دروست کرد، بۆیە ئێعتیباری حیزبی دێموکرات دیسان وای کرد ئەو حیزبە بکرێتە ئامانج.

سێهەم، سیاسەت و عەقڵییەت و وێژمانی زۆر مەعقولانە و بەرپرسانەی حیزبی دێموکرات کە ئەگەرچی بەدرێژایی مێژوو تیرۆری لێ کراوە، بەڵام ئەو حیزبە بۆخۆی هەمیشە لە بەرەی دژی تێرۆردا ماوەتەوە. ئێمە هەمووکات گوتوومانە تێرۆر بە بەژن و باڵای کۆماری ئیسلامی بڕاوە و خەبات و تێکۆشان لەپێناو مافەکانی کوردیش بە بەژن و باڵای ئێمەی دێموکرات بڕاوە. بۆیە لەو بوارەدا شتمان زۆرە و شتمان زۆر پێیە و حیزبی دێموکرات بەخۆشییەوە لە نێوخۆی وڵات و لە دەرەوەی وڵات و لەنێو ڕیزەکانی خۆیدا موخاتبی زۆر و مەوقعییەتی گەلێک باشی هەیە.

جێگای خۆیەتی لێرە لە ئاڵمان، لە بێرلین، لە "پڕاگرئێشتراسێ" و ئەو شوێنەی کە ڕێبەرانی ئێمەی تێدا تێرۆر کرا، ڕابگەیەنم بۆ جارێکی دیکە هەرچەند ڕووداوی میکۆنووس داخێکی گران بوو لەسەر ئێمەی دێموکرات و دێموکراتەکان و ڕووداوێکی ناخۆش بوو بۆ خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ بەڵام بوێری و سەربەخۆیی کاری سیستمی دادوەری و دادگایی ئاڵمان لەو کاتدا لە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە گوشارێکی زۆر لەسەر دەوڵەتی ئاڵمان و سیستمی دادوەریی ئێرە هەبوو، دەزگای دادی ئەم وڵاتە بەوپەڕی سەربەخۆییەوە لە سەر بنەمای ڕێزگرتن لە مافی ئازادیی ژیان و کەرامەتی مرۆڤ بەدووی ئەو دادخوازییەوە چوون و بە ئاکامیان گەیاند کە هەم بۆ ئەو نەتەوەیە و هەم بۆ مرۆڤایەتییش جێگای ڕێز و سوپاسە. بۆیە بۆ جارێکی دیکە لە سی ساڵەی یادی شەهیدانی میکۆنووسدا جارێکی دیکە لەلایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە سوپاسی سیستمی دادوەریی ئاڵمان دەکەم و هەروەها دڵنیام لە هەر شوێنێک دێمۆکراسی و لێپرسینەوە هەبێ، ماف وا بەئاسانی ناخورێ.

بابەتێکی دیکەش کە دەمەوێ تیشکی بخەمە سەر ئەوەیە کە لەو ڕۆژانەی سەردەمی میکۆنووسدا کە ئێمە لە خەمێکی گەورەدا بووین، بەڵام زۆر یەک لە کەسایەتی و سازمان و حیزب و لایەنەکانی ئێرانی شانیان وەبەردا و لە چەند و چۆنیی لەقاودانی تێرۆری میکۆنووس و بە بەشداری و شایەتیدانیان لە پرۆسەی دادگادا ڕەوتی بەدواداچوونەکانیان بەهێز کرد کە بەشێکی نیشانەی پێگەی دیاری حیزبی دێموکرات بوو. لێرەدا بە هەموو لایەنە ئێرانییەکان ڕادەگەیەنم کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەمەوبەدواش لە هاوخەباتی و پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ لایەنە ئێرانییەکان هەروا بەردەوام دەبێت.

هاوڕێیانی حیزبی!

ئێمە بە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی خۆمان، بە حەشیمەتێکی ئاوا زۆر کە ئێوە لە زۆربەی زۆری وڵاتانی ئورووپایی زەحمەتتان کێشاوە و هاتوونە ئێرە و ئەرک و وەزیفەی حیزبیتان بەجێ گەیاندوە، بەڵگەنامەیەتان لێرە لەو شەقامەدا بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تۆمار کرد. بەڵگەنامەکە ئەوە بوو سەنەدەکە ئەوەبوو لە هەر شوێنێک زەبرێک لە ئێمە بدرێ، ئێمەش لە هەر شوێنێک کە پێویست بێ وڵام دەدەینەوە و لە داهاتووشدا لەسەر ئەوە بەردەوام دەبین. ئێستاش کە حیزبی دێموکرات یەکمان گرتۆتەوە، لێرەوە ئەو پەیامە بە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ئێران دەدەین: ئێوە کە لە نێوخۆی وڵاتدا لە هەموو بوارەکاندا لەژێر زوڵم و زۆری نیزامی کۆماری ئیسلامیدا لە بواری مەدەنی و قانوونی و ژینگە پارێزی و بواری ئەدەبی و فەرهەنگی بە ژن و بە پیاو هەوڵ دەدەن و تێکۆشانتان هەیە، ئەوا لێرەش ئەندامان و تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان هەوڵ دەدەن بە ڕێزگرتن لە ڕێبەرانی شەهیدی خۆیان هاودەردی لەگەڵ هەموو ئێوە بکەن و بە ئێوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵێن کە ئێمە پشتگیریی ئێوە دەکەین. ئێوە لە نێوخۆی وڵات و ئەو خەڵکە و ئاپۆڕا زۆرە لە دەرەوە و لە بواری جۆراوجۆردا ئەوەیە جووڵانەوەی کوردی ئێران و ئەوەیە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.