کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری بەرپرسی بەشی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکرات لە ئوسترالیا لەگەڵ نوێنەری پارلمانی فێدراڵی ئەو وڵاتە

12:10 - 1 رەزبەر 2722

بەرپرسی بەشی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکرات لە ئوسترالیا وێڕای ''مەسعوود پیران'' لەگەڵ ''گراھام پیریت'' نوێنەری پارلمانی فێدراڵی ئوسترالیا لە پارلمان کۆ بوونەوە.

ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی خەرمانان، ''سەلاح پوورئەسەد'' بەرپرسی بەشی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکرات لە ئوسترالیا وێڕای ''مەسعوود پیران'' لەگەڵ ''گراھام پیریت'' نوێنەری پارڵمانی فێدراڵی ئوسترالیا کە ھاوکات بەرپرسی مافی مرۆڤ لە پارلمان کۆ بوونەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا بە درێژی باسی ڕووداوی کوژرانی "ژینا ئەمینی" کرا کە چۆن جینایەتکارانە گیانی لێ ئەستێندراوە و ھەرەوھا ڕووداوەکانی مانگرتنە سەرانسەرییەکەی ڕۆژی ٢٨ی خەرمانان و خۆپێشاندانەکانی شارەکانی کوردستان و ئێران ھاتنە بەر باس.

لەو کۆبوونەوەیەدا داوا لە حکوومەتی ئوسترالیا کرا کە وەک وڵاتانی ئامریکا و یەکیەتیی ئورووپا دژی سیاسەتە سەرکوتکارانەکانی ڕێژیمی ئێران ھەڵوێست بگرێ و پشتیوانی لە ڕاپەڕینی خەڵک بکا. 

''گراھام پیریت''، وێڕای بەداخبوون لەو کارەساتە وتی لە کۆبوونەوەی بەشی مافی مرۆڤی پارلمان کە حەوتووی داھاتوو بەڕێوە دەچی ئەو پرسە دەخەمە بەر باس و وەزیری دەرەوەش بە وردی ئاگادار دەکەمەوە. 

ناوبراو ڕایگەیاند کە ئاگاداری خۆپیشاندانەکانم و پشتیوانیی ئەو حەرکەتە ئازایانەی خەڵک دەکەم و خەفتباریشم بە گیانلەدەستدانی ژینا و خۆپیشاندەرە ئازادیخوازەکان.

پاشان نامەیەکی ئامادەکراو لەلایەن کۆمیتەی حیزبەوە کە بۆ وەزیری دەرەوە نووسرابوو درایە دەست  بەڕێز گراھام پیریت کە بە دەستی وەزیر بگات.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە تێلێڤیزیۆن و ڕۆژنامە بەناوبانگەکانی ئوسترالیا ھەواڵەکانی پەیوەندیدار بە کوژرانی ژینا و ڕووداوەکانی پاش ئەو کارەساتەیان وەک ھەواڵ و ڕاپۆرت بڵاو کردووەتەوە.