کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیی بەدژی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە فینلاند

11:56 - 2 رەزبەر 2722

لە وڵاتی فینلاند بەدژی سەرکوتکارییەکانی ڕێژیمی ئێران کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی بەڕێوە چوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ٣١ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی، لە شاری "هێلسینکیـ"ـی وڵاتی فینلاند بە بەشداریی سەدان کەس لە خەڵکی کوردستان کە دانیشتووی ئەو وڵاتەن کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی بۆ مەحکوومکردنی کوژرانی "ژینا ئەمینی" و پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکانی کوردستان و ئێران بەڕێوە چوو.

بەشدارانی کۆبوونەوەکە بە ڕێپێوان لە مێترۆی "کووڵۆساریـ"ـیەوە، بە وتنەوەی دروشم دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بەرەو سەفارەتی ڕێژیمی ئێران کەوتنە ڕێگا و لەبەردەم سەفارەتی ڕێژیم لە هێلسینکی کۆ بوونەوە.

کۆبوونەوەکە بە سروودی نەتەوایەتی "ئەی ڕەقیب" و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.

پاشان پەیامی کۆمیتەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە وڵاتی فینلاند بە سێ زمانی کوردی و فارسی و فینلاندی خوێندرایەوە.

لە درێژەی بەرنامەکەدا بەشداربووان بە زمانەکانی کوردی و فارسی و فینلاندی چەندین دروشمیان بۆ پشتیوانی لە ژنانی کوردستان و ئێران و هەروەها بەدژی ڕێژیمی ئێران وتەوە.

 لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ژنان بە نیشانەی دژایەتی لەگەڵ یاسا دژەمرۆییەکانی ڕێژیمی ئێران و ھەروەھا پشتیوانی لە ژنانی کوردستان و ئێران، قژی خۆیان بڕی و سەرپۆشەکانیان ئاگر تێبەردا.