خۆپێشاندانێک لە بریتانیا بۆ مەحکوومکردنی کوشتنی ژینا ئەمینی و پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەڕێوە چوو
ڕۆژی پێنجشەممە، ٣١ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی، لەسەر بانگەوازی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، خۆپێشاندانێک لە بەردەم باڵویزخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لەندەن پێتەختی وڵاتی بریتانیا بۆ پشتیوانی لە هاتنە سەر شەقامی کۆمەڵانی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران کە بەدوای کوژرانی ''ژینا ئەمینی'' هاونیشتمانیی کوردی خەڵکی شاری سەقز بە دەستی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران هاتە ئاراوە، بەڕێوە چوو.
گردبوونەوەکە لە کاتژمێر ٢ی پاشنیوەڕۆ بە سروودی نەتەوایەتیی ''ئەی ڕەقیب'' و خۆلەکێک بێدەنگی بۆ شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.
لە بڕگەی یەکەمی ڕێوڕەسمەکەدا پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە زمانەکانی کوردی و فارسی و ئینگلیزی لەلایەن ''ناسر ڕاستینە، گوڵاڵە سەلیمی و ئەدیسۆن فەرامەرزی" خوێندرایەوە .
لە درێژەدا پەیامی شۆرای دێموکراسیخوازانی ئێران لەلایەن ''ڕەحیم بەندوویی'' خوێندرایەوە و پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکرات لەلایەن خاتوو ''وەنەوشە کەریمزادە'' پێشکەش کرا.
جێگای ئاماژەیە خەڵکێکی بەرچاو لە ڕەوەندی کوردی و ئێرانی لە بریتانیا بەشدارییان لەم خۆپێشاندانەدا کرد و بە بەرزکردنەوەی وێنەی شەهیدان و بریندارانی چەند ڕۆژی ڕابردوو و گوتنەوەی دەیان دروشم بەدژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ترسێکی زۆریان خستبووە دڵی کاربەدەستانی باڵویزخانەی ڕێژیمی ئاخوندی ئێرانەوە بە جۆرێک کە داوای بەدەنگەوەهاتنی پۆلیسێکی زۆریان کردبوو.
کاتژمێر ٤ی ئێوارە بە وتنەوەی سروودی ئەی شەهیدان و پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ شەهیدانی ژن، ژینا، ئازادی، کۆتایی پێ هات.