کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێپێوانیک بۆ پشتیوانیکردن لە خەڵکی ڕۆژهەڵات لە "کالیفۆرنیا"ی ئامریکا بەڕێوە چوو

09:35 - 3 رەزبەر 2722

ڕوژی پێنجشەممە ٣١ی خەرمانان بەرانبەر بە ٢٢ی سێپتامبری ٢٠٢٢ی زایینی کوردانی دانیشتوو لە ناوچەکانی "ساندیاگۆ، لۆس‌ئانجلێس و ئێرۆئاین" سەر بە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئامریکا بۆ پشتیوانیکردن لە خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی خەڵک لە کوردستان و ئێران له بەردەم دەرگای "بێلدین فێدراڵـ"ـی لۆس‌ئانجلێس ڕێپێوانێکیان بەڕێوە برد.

ئەو ڕێپێوانە کاتژمێر ٥ بۆ ٨ی ئێوارە، بە بەشداریی بەشێک لە کەسانی نەتەوەکانی دیکەی ئێران بەڕێوەچووە و خۆپیشاندەران بە سێ زمانی کوردی، ئینگلیزی و فارسی دژی ڕێژیمی ئێران دروشمیان داوە.

ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە بەڕێوەچوونی ئەو خۆپیشاندانەدا ئەرکێکی بەرچاویان هەبووە.

خۆپیشاندەران بە داگیرساندنی ٢٣ مۆم بۆ یادی لەدایکبوونی ٢٣ ساڵەی شەهیدی نوێی گەلەکەمان "ژینا ئەمینی" و وتنەوەی سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" کۆتاییان بە خۆپیشاندانەکەیان هێنا.