کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی خۆپیشاندان بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی کوردستان و ئێران لە نۆروێژ

11:21 - 3 رەزبەر 2722

ڕۆژی هەینی ٢ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران خۆپیشاندانێکیان بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی کوردستانی ڕۆژهەڵات و ئێران، لە بەردەم وەزارەتی دەرەوەی "نۆروێژ" بەڕێوە برد.

خۆپیشاندانەکە بە بەشداریی سەدان تێکۆشەری کورد و بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتی "ئەی ڕەقیب" لەلایەن "شێرکۆ مەریوانی" و ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد.

 دواتر پەیامی ناوەندی هاوکاری بە زمانی کوردی لەلایەن "خوسرەو قادری" پێشکەش کرا.

لە پەیامی ناوەندی هاوکاریدا وێڕای پشتیوانی لە ڕاپەڕینی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، داوا لە کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان بەگشتی و حکوومەت و وەزارەتی دەرەوەی وڵاتی "نۆروێژ" بەتایبەتی کرا کە پشتیوانی ئەو ڕاپەرینە دژی کۆماری تیرۆریستیی ئیسلامیی ئێران بکەن.

دواتر "سەلیم حەقیقی"، باوکی شەهید "میلان حەقیقی" کە لە خۆپیشاندانەکانی "شنۆ" گیانی پاکی بە شۆڕشی کوردستان بەخشی، پەیامێکی پێشکەش کرد.

لە درێژەی بەرنامەکەدا "ئالان خاس" پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانی بە زمانی نۆروێژی پێشکەش کرد.

لەو پەیامەدا جەخت لەسەر پێویستیی بەردەوامبوونی خۆپیشاندانەکان و داوای هاوکاری لە ناوەندەکانی بڕیاردەری "نۆروێژ" کرا کە پشتیوانی لەو خۆپیشاندانانەی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات و ئێران بەگشتی بکەن.

هەروەها پەیامی ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن "شلێر باپیری"ـەوە پێشکەش کرا.

لە کۆتایی خۆپیشاندانەکەدا بە دەیان دروشم بۆ پشتگیری لە ڕاپەرینی خەڵکی ڕۆژهەڵات و ئێران بە زمانەکانی "کوردی، فارسی و نۆروێژ"ی لەلایەن ئامادەبووانەوە وترانەوە.