کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بۆ پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکانی کوردستان و ئێران لە ئامریکا

11:39 - 3 رەزبەر 2722

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢ی ڕەزبەی ١٤٠١ی هەتاوی، کوردانی دانیشتووی "ناشویل" لە ئەیالەتی "تنێسـ"ـی ئامریکا بۆ پشتیوانی لە خۆپیشاندەران و مەحکوومکردنی کوشتنی ناڕەوای کچە لاوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "ژینا ئەمینی" و پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ سەرجەم شەهیدانی نوێی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆپیشاندان بەڕێوە برد.

کوردانی "ناشویل" بە بەرزکردنەوەی وێنەی شەهیدانی نوێی گەلەکەمان و ئاڵای کوردستان، دروشمی دژی دیکتاتۆر و دەسەڵاتی ئاخوندییان بە زمانەکانی "ئینگلیسی، کوردی و فارسی" وتەوە و دەنگی ناڕەزایەتیی خۆیان کردە پاڵپشتی بۆ خەڵکی وەزاڵەهاتووی کوردستانی ڕۆژهەڵات.

 لەو خۆپیشاندانەدا ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات بەشداریی چالاکانەیان هەبوو.

هەروەها کۆمەڵێک لە هاوڵاتییانی ئێرانیی ئەو شارە پشتیوانیی گەرمیان لەو خۆپیشاندانە کرد.

لە بەشی کۆتایی ئەم خۆپیشاندانەدا پەیامی ڕەوەندی کوردستانیانی "ناشویل" خوێندرایەوە.