کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەبەر دەرگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە وڵاتی "ئۆتریش" کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی پێک هات

11:54 - 3 رەزبەر 2722

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی، کۆبوونەوەیەک لەژێر ناوی "هاودەنگی لەگەڵ بزووتنەوەی ناڕەزایەتی خەڵکی ئێران ـ ئۆتریش" بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە کوژرانی "ژینا ئەمینی" و هەروەها بەشداریی "ئیبراهیم ڕەئیسی" سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران لە کۆبوونەوەی ساڵانەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەردەم بینای نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری ڤییەن لە وڵاتی ئوتریش  پێک هات.

یەکێکی دیکە لە ئامانجەکانی ئەو کۆبوونەوەیە، ناڕەزایەتی دژ بە دەرچوونی دەیان حوکمی لەسێدارەدان لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێران بۆ لاوانی بێتاوانی کوردستان بوو.

لەو گردبوونەوە ناڕەزایەتییەدا بە سەدان کەس لە نەتەوە جیاوازەکانی دانیشتووی وڵاتی ئوتریش بەتایبەت ڕێژەیەکی بەرچاو لە کوردەکان بەشدار بوون.

لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا چەندین کەس بە زمانی فارسی، ئاڵمانی و ئینگلیسی قسەیان کرد و لەپەیوەندی لەگەڵ کوژرانی "ژینا" و سزادانی تاوانبارانی ئەو تاوانە وتاریان پێشکەش کرد.

لەو کۆبوونەوەیەدا دوکتور "جەزا ساڵحی" لەلایەن کوردەکانەوە و بە نوێنەرایەتی لەلایەن ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێرانەوە وتارێکی بە زمانی ئاڵمانی سەبارەت بە شەرمەزارکردنی کوژرانی "ژینا ئەمینی" و هاودەردی و هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی ژینا پێشکەش کرد.

پەیامەکە هەروەها باسێکی تێروتەسەلی لەسەر خۆپیشاندانەکانی ئێستای کوردستان و ئێران، سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان، شەهید و برینداربوون و دەسبەسەرکردنی خەڵکێکی زۆر، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، حیجابی زۆرەملێ بەسەر خەڵک و هەژاری و نەداریی خەڵک، باس لەسەر نەگۆڕبوونی یاساکانی ئەو ڕێژیمە و ئەگەری ڕووخانی دەسەڵاتی سەرەڕۆی ئیسلامیی ئێرانی لەخۆ گرتبوو.

بەشداربووان لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا وێنەی ژینایان بە دەستەوە گرتبوو و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و دەیان دروشمی دیکەیان بە زمانەکانی کوردی، فارسی، ئاڵمانی و ئینگلیسی وتەوە و جینایەتی کوشتنی ژینایان مەحکووم کرد و هاواری نەمان و ڕووخانی ڕێژیمی ئێرانیان بەرز کردەوە.