کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی لە ئاڵمان بۆ پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکانی کوردستان و ئێران

13:29 - 3 رەزبەر 2722

کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیی لە ئاڵمان بۆ پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکانی کوردستان و ئێران بەڕێوە برد.

ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ خەرمانان، کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی "ئاڵمان" و بە هاوبەشی لەگەڵ ناوەندی چالاکانی ڕێگای ئازادیی ئێران بەمەبەستی مەحکوومکردنی کوشتنی "ژینا ئەمینی" خەڵکی شاری "سەقز" لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە، لە شاری "هامبورگ" خۆپیشاندانێکی بەرینی بەڕێوە برد.

سەرەتای خۆپیشاندانەکە، پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە "ئاڵمان" لەلایەن "کەماڵ حەسەن پوور" بەرپرسی بەشی تەشکیلاتی کۆمیتە بە زمانی فارسی خوێندرایەوە.

لە پەیامەکەی کۆمیتەدا هاتبوو :" شەهیدکردنی ژینای ڕووسووری کورد بوو بە شۆڕش و سەرهەڵدانی گەلە قارەمانەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی هەمیشە تێکۆشەر و لەسەر هەست.

هەروەها ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکدەنگ و یەکگرتووانە و لەسەر داوای ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستان و ژمارەیەک لە حیزب و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و کەسایەتییەکانی کوردستان لە ڕێکەوتی ٢٨ی خەرمانان مانگرتنی گشتیی ڕاگەیاند و بێزاری خۆیان لە ڕێژیمی جینایەتکار و کوردکوژی "تاران" دەربڕی.

هاوکات لەگەڵ مانگرتنی گشتی و داخرانی دووکان و بازار و شوێنە گشتییەکان لەدژی تاوانباران و بەمەبەستی مەحکوومکردنی شەهیدکردنی "ژینا ئەمینی" بە دەستی قوڵەچۆماغەکانی حکوومەتی داگیرکەر ڕژانە سەر شەقامەکان و داوای بە سەزا گەیاندنی تاوانباران و ڕێزگرتن لە بەها مرۆییەکان و بەتایبەت مافی ژنانیان کرد".

لە بەشێکی دیکەی ئەو پەیامەی کۆمیتەدا ئاماژە بەوە درابوو کە مانگرتنی گشتیی کوردستان بە یەکدەنگ و یەکگرتووییەوە، باقی شارەکانی ئێران و زانکۆکانیشی بەشوێن خۆیدا هێنا و بوو بەهۆی یەکدەنگییەکی بێوێنەی گشتگیر لە سەرتاسەری ئێران. یەکدەنگییەک کە هەوێنی پێکەوە خەباتکردنی هەموو نەتەوە چەوساوەکان و سەرجەم حیزبە خەباتکار و ئازادیخوازەکانی ئێران و کوردستانە بۆ لەنێوبردنی ڕێژیمی تۆتالیتێر و تێرۆریستی کۆماری ئیسلامی و هێنانەسەرکاری حکوومەتێکی دێموکراتیک کە لەودا مافی هەمووان پارێزراو  بێ".

لە درێژەی خۆپیشاندانەکەدا کە بە سەدان کەس تێیدا بەشدار بوون، "شەهریار نەقشبەندی" قسەی بۆ بەشداربووان کرد و لە بەشێک لە قسەکانیدا وتی کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدانی نوێی گەلەکەمان هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان و ئازادکردنی لاوانی شۆڕشگێر لە سەرتاسەری ئێران دەخوازێت.

"نەقشبەندی" وێڕای مەحکوومکردنی تاوانەکانی ئەو ڕێژیمە جینایەتکارە وتی کە هەوڵ و خەبات و تێکۆشانمان لەدژی ئەو ڕێژیمە تێرۆریستە چڕتر دەکەینەوە و پاڵپشتی لە خۆپێشاندانەکانی کوردستان و ئێران دەکەین.

لەو پەیامەدا هاتبوو کە داوا لە کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، وڵاتانی ئازاد و دێموکراتیک و سەرجەم ئازادیخوازان دەکەین کە لەدژی ئەو ڕێژیمە جینایەتکارە بوەستنەوە.

بێگومان ڕێژیمی "تاران" نە تەنیا لە کوردستان کە هەر ڕۆژەی لە شوێنێکەوە جینایەت دەرحەق بە گەلە خەباتکارەکەمان دەخولقێنێت، سەرتاسەری ئێرانیشی کردووتە زیندان  و کوشتارگەیەک بۆ هەموو خەڵکی ئێران و بەتایبەت بۆ نەتەوە ستەملێکراوەکانی ژێر دەسەڵاتی".

شایانی باسە کە لە ڕۆژانی داهاتووشدا کۆمیتەی "ئاڵمان" وێڕای حیزبە خەباتکارەکانی کوردستان و ئێران خۆی بۆ خۆپیشاندانی زیاتر ئامادە دەکا و لەو پێوەندییەدا ڕۆژی شەممە لە شاری "کۆڵن" خۆپیشاندان بەڕێوە دەبات.