کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی خۆپیشاندانەکان لە ئاڵمان بەدژی کۆماری ئیسلامیی ئێران

11:02 - 4 رەزبەر 2722

لە شارە جۆراوجۆرەکانی وڵاتی ئاڵمان، بە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران خۆپیشاندانەکان بەردەوامن و هەموو کردەوەکانی ڕێژیمی ئێران ئیدانە دەکرێن.

لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، لە هەندێک لە شارەکانی وڵاتی ئاڵمان بۆ پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی خەڵکی ئێران و کوردستان و بۆ داکۆکی لە خوێنی بەناحەق ڕژاوی ژینای کوردستان و شەهیدانی نوێی گەلەکەمان خۆپیشاندانێکی جەماوەری لە بەردەم  کۆنسولگەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەشاری "مۆنشنـ"ـی ئاڵمان بەڕێوە چوو.

لە کۆبوونەوەکەدا پەیامی حیزبە کوردستانییەکانی بەشدار لە ڕێورەسمەکەدا بە زمانەکانی ئاڵمانی، کوردی و فارسی، لەلایەن "سوزانە ڤالبام ، ناسر خودامورادی و یەعقووب مورادی" خوێندرایەوە.

 پاشان شانۆیەک لەلایەن "پەروا دەلقی" ئەندامی ڕێکخراوی جیهانیی کورد و پەیامی کەمپەینی "نا بۆ سێناریۆسازی دژ بە زیندانیانی سیاسی" لەلایەن  "کارۆ غەفاری" ئەندامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی کوردستان خوێندرایەوە.

هەمان ڕۆژ لە شاڕی "مونستڕ"ی ئاڵمان لەلایەن حیزب و ڕێکخراوەکانی نەتەوەکانی ئێران بە هاوکاریی هێندێک لە سیاسەتمەدارانی ئاڵمانی و خەڵکانی ئازادیخواز لە ناوەندی شار ڕپێوانێک پێک‌هات.

لە خۆپیشاندانەکەدا ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزب بەشدار بوون و هەروەها "ئیسمایل ئەقدەم" ئەندامی حیزب لە سەر بارودۆخی ئێستای ئێران و کوردستان چەند وتەیەکی پێشکەشی بەشداربووان کرد.

لە درێژەی خۆپیشاندانەکاندا ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە لە شارەکانی "برێمن و هامبورگ" خۆپیشاندان بەڕێوە چوو.

لە خۆپیشاندانی ڕۆژی یەکشەممە لە برێمن کە لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ژمارەیەک چالاکی ئازادیخوازی ئێران ڕێکخرا بوو، "شەهریار نەقشبەندی" وتارێکی پێشکەش کرد. 

هەروەها لە شاری هامبورگ بە هاوبەشیی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ناوەندی چالاکانی ڕێگەی ئازادیی ئێران گردبوونەوەیەک بەڕێوە چوو.

لە گردبوونەوەکەی هامبورگ پەیامی کۆمیتەی ئاڵمان بە زمانەکانی ئاڵمانی، کوردی و فارسی لەلایەن "ئاوات کەریمی و کەماڵ حەسەنپوور" خوێندرانەوە.