کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان/ کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی بۆ پشتیوانی لە ڕاپەرینی خەڵکی کوردستان و ئێران بەڕێوە چوو

12:51 - 4 رەزبەر 2722

ڕۆژی شەممە ٢ی ڕەزبەر، بەرانبەر بە ٢٤ی سێپتامبری ٢٠٢٢ی زایینی، لەسەر بانگهێشتی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران و چالاکانی سیاسی و مەدەنی کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی بەمەبەستی مەحکوومکردنی جینایەت و ڕەشەکوژیی بڕیاردەران و جێبەجێکارانی بڕیارە دژەمرۆییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئیران و لە درێژەی چالاکییەکانی دەرەوەی وڵات لە شاری "کۆڵنـ"ـی وڵاتی ئاڵمان بەڕیوە چوو.

سەرەتای کۆبوونەوەکە لەلایەن "نەهیە خۆشکەلام و لەعلا خوسرەوی" بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.

دواتر پەیامی حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و هەروەها ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکان لەلایەن "سوهەیلا بابەک'' بە زمانی کوردی، ''بەهار حوسەینی'' بە زمانی فارسی و ''لەعلا خوسرەوی'' بە زمانی ئاڵمانی" خوێندرانەوە.

لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا بەشێک لە هونەرمەندانی کوردستان بە وتنی سروودی نەتەوایەتی و شۆڕشگێڕانە بەشدارییان کرد.

پاشان "سەرگوڵ خودایاری" پەیامی ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵات پێشکەش بە بەشداربووان کرد.

کۆمەڵێکی بەرچاو لە شاعیرانی بەشداربوو بە خوێندنەوەی شێعر بە زمانەکانی کوردی، فارسی و کەلهوڕی کۆبوونەوەیەکەیان دەوڵەمەندتر کرد.

لەو کۆبوونەوەیەدا نامەیەک کە ڕوو لە سەرۆک پارلمانی ئاڵمان و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە سەبارەت بە هەلومەرجی ئێستای ئێران و کوردستان بە زمانی ئاڵمانی نووسرابوو و پێشتریش دەقی ئەم نامەیە ڕادەستی ئەو دوو لایەنە کرابوو لەلایەن "ئاسۆ بابیـ"ـەوە خوێندرایەوە.

هەروەها "ئەسرین قادری" بە نوێنەرایەتیی کۆمەڵە و ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران پەیامێکی پێشکەش کرد و پەیامی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی ڕۆژاوا لەلایەن "ئەنوەر ئاسۆ" پێشکەش کرا و هەروەها "کەژان ئەسەدی" بە کاراییەکی باش لەو کۆبوونەوەیەدا بەشداریی کرد.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا لەلایەن بەڕێوەبەرانی چالاکییەکە سپاسی ژەنیارانی موسیقیی نێوئاخنی بەرنامە و ڕاگەیاندنەکانی ئامادەبوو کرا.