کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سوئید/ بەڕیوەچوونی خۆپێشاندانێک بۆ مەحکوومکردنی جینایەتەکانی ڕێژیم

11:03 - 5 رەزبەر 2722

دوابەدوای بانگەوازی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران و ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران، خۆپیشاندانێک بۆ مەحکوومکردنی جینایەتەکانی ڕێژیمی ئێران لە شاری "یۆتۆبۆری" لە وڵاتی سوئید، بەڕێوە چوو.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هەزاران کەس لە ئەندامانی حیزبەکانی ئەندام لە ناوەندی هاوکاری و ئێرانییانی ئازادیخواز وێڕای بیروڕای جیاواز بۆ "پروتستۆ"ی مەرگی "ژینا ئەمینی" و پشتیوانی لە "شۆڕشی ژینا" و مەحکوومکردنی جینایەت و کۆمەڵکوژی لەلایەن کۆماری تێروریستیی ئیسلامیی ئێرانەوە، لە "ئادلۆف تۆری" گۆڕەپانی ناوەندی شاری "یۆتۆبۆری" لە سوئید خۆپیشاندانێکی بەرینیان بەڕێوە برد و پاڵپشتیی خۆیان بۆ شۆڕشی خەڵکی کوردستان و ئێران بە دژی تاران دەربڕی.

ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتییە سیاسی و حیزبی و حیزبە سوئیدییەکان بەشداری ئەو خۆپیشاندانە جەماوەرییە بوون و دەنگی خۆیان و حیزبەکەیان خستە پاڵ دەنگی شۆڕشی ژینا و بە دانانی گوڵ لە بەردەم وێنەی ژینا و سەرجەم شەهیدانی شۆڕشی ئەم دواییانەی گەلانی ئێران خۆپیشاندانەکە دەستی پێ کرد.

دواتر بە وتنەوەی دروشم بەدژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران مەودای نێوان "ئالۆف تۆری" و "یۆتاپلاستێن‌"یان پێوا و وێکڕا بەو دروشمانەی کە خەڵکی کوردستان و ئێران دەیڵێنەوە، درێژەیان بە خۆپیشاندانەکەیان دا و بەو کارە جینایەتەکانی ڕێژیمی ئێرانیان مەحکووم کرد.