کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئۆسترالیا/ بەڕێوەچوونی خۆپیشاندان بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکانی کوردستان و ئێران

12:03 - 5 رەزبەر 2722

ڕۆژی یەکشەممە ٣ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی، خۆپێشاندانێکی بەرین لەلایەن کۆمیتەی کورد لە شاری "پێرت"، سەر بە ڕۆژاوای ئۆسترالیا، بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، بەڕێوە چوو.

لەو خۆپێشاندانەدا سەدان کورد و خەڵکی بەشەکانی دیکەی ئێران بەشدار بوون و چەند کەس بە زمانەکانی کوردی، فارسی و ئینگلیزی قسەیان کرد و دروشم بەو زمانانە بۆ پشتیوانی لە خەڵک و دژی ڕێژیمی ئێران دران. ئەو دروشمانە بریتی بوون لە: "ژن ژیان ئازادی، نەمان بۆ دیکتاتۆر، نەمان بۆ خامنەیی، نەمان بۆ خومەینی و هەروەها کوردستان چشم و چراغ ایران".

یەکەم پەیام لەو خۆپیشاندانەدا بە زمانی فارسی لەلایەن "مەسعود سەمەدی" ئەندامی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، پێشکەش کرا.

لەو پەیامەدا هاتبوو: " لە ٤٣ ساڵ تەمەنی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، ژنان، گەلانی بندست، بەتایبەتی گەلی کورد، مەزهەبەکانی جیا لە مەزهەبی ڕێژیم و هەموو ئازادیخوازان، ستەمی دوو قاتیان لێ چووە. دەستدرێژی بۆ سەر ژیناکان کراوە و تێرۆریان کردووین، ماددەهۆشبەرەکانیان دەرخواردی خەڵک داوە و خەڵکی ئێرانیان بە فەساد کێشاوە".

هەروەها لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتبوو کە ئەمە یەکەم جارە گەلی کورد خۆی بە تەنیا نابینێت و شۆڕشی ژینا، هاودەنگی و یەکییەتییەکی بێ‌وێنەی لەنێوان گەلانی ئێراندا پێک‌هێناوە کە هیوادارم ئەم یەکییەتییە، وانەیەکی باش بێت بۆ هەموومان تاکوو یەکتر بەو جۆرەی کە هەین قەبووڵ بکەین و ڕێز لە خواستەکانی یەکتر بگرین".

لە کۆتایی خۆپیشاندانەکەدا دوو کچی لاو، وەک کاردانەوەیەک بەدژی کوشتنی "ژینا"، بەشێک لە قژی خۆیان بڕیەوە.