ڕۆژی شەممە ٢ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی، بەبۆنەی سیهەمین ساڵیادی شەهیدانی "میکونۆس" وێبینارێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی زووم، لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ وڵاتانی "ئوسترالیا و نیوزیلەند" بە بەشداریی کەسایەتیی سیاسی "عەبدوڵڵا حیجاب"، بەڕێوە چوو.
لە سەرەتای وێبینارەکە مەسعوود سەمەدی، ئەندامی بەڕێوەبەریی گشتی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئۆسترالیا و بەڕێوەبەری وێبینارەکە باسێکی لە سەرهەڵدانەکانی ئەم دواییانەی کوردستان و ئێران کرد و گوتی کە ئەوەی دەیبینین، ئاکامی خەبات و تێکۆشانی ئەو شەهیدانەیە و ڕێبوارانی ڕێگای شەهیدانن کە بەدژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، ڕاساونەتەوە.
دواتر عەبدوڵڵا حیجاب لە وتەکانیدا، وێڕای بەرزنرخاندنی ڕۆڵ و پێگەی شەهید دوکتور سەعید شەرەفکەندی گوتی کە کۆماری ئیسلامی چاوەڕوان بوو دوای شەهیدکردنی ئەو ڕێبەرانە، دەنگی کورد کپ بکات بەڵام حیزبی دێموکرات و گەلی کورد، لێبڕاوانەتر لە پێشوو هاتنە مەیدان و درێژەیان بە خەباتی خۆیان دا.
بەڕێز عەبدوڵڵا حیجاب لەگەڵ ئاماژە بە بارودۆخی ئێستای کوردستان، سێ فاکتەری سەرەکیی بە گرینگ وەسف کرد، یەکەمیان "وەسەر یەککەوتنەوەی هێز و تواناکانی حیزبی دێموکرات''. دووهەم، هاوبەندیی و هاودەنگیی هێزە سیاسییەکانی کوردستان دوای مەرگی ژینا ئەمینی بوو کە داوایان لە خەڵک کرد بێنە مەیدان''. سێیەم، وەجووڵەخستنی جەماوەر و بزووتنەوەی خەڵکی کوردستان کە ئێستا پەرەی سەندووە و هەموو ئێرانی گرتووەتەوە."
بەڕێزیان لە کۆتایی قسەکانیدا خەباتی ڕێبەرانی شەهیدی وەک هەوێنی خەباتی سیاسیی گشتی وەسف کرد و پاشان بەشداربووان بە تێبینی و پرسیارەکانیان وێبینارەکەیان دەوڵەمەنتر کرد کە بەڕێز "حیجاب" بە وردی وەڵامی هاوڕێیانی دایەوە.