کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمێک بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ و یەکگرتنەوەی دوو لایەنی دێموکرات لە ئوسترالیا بەڕێوە چوو

12:52 - 14 خەرمانان 2722

شەوی شەممە ڕێکەوتی ١٢ی خەرمانان بەبۆنەی ٢٥ی گەڵاوێژ ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزب، ڕێوڕەسمێکی تایبەت لە شاری "ئادلایدی" ئوسترالیا بە بەشداریی بەشێکی بەرچاو لە کوردەکانی ئەو شارە و ئەندامانی حیزب بەڕێوە چوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سرودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ‌ کرد.

پاشان لەلایەن سێ منداڵەوە مۆمی یادی ٧٧ ساڵەی حیزبی دێموکرات داگیرسا.

‎دواتر شاعیری بە توانا "چەکۆ باران" بە پارچە ھۆنڕاوەیەکی شۆڕشگێڕی بەرنامەکەی دەست پێ کرد.

لە درێژەدا "مەسعوود سەمەدی" ئەندامی کۆمیتەی گشتیی حیزب لە ئوسترالیا وێڕای پیرۆزبایی ٢٥ی گەلاوێژ چەند وتەیەکی سەبارەت بە دەور و نەخشی حیزبی دێموکرات لە سەرەتای دامەزرانییەوە هەتا ئێستا کرد و  ئاماژەی بە یەکگرتنەوەی حیزب کرد و ھیوای خواست کە ئەو یەکگرتنەوەیە بتۆانێ لە بەرەوپێشبردنی خەباتی گەلی کورد دەورێکی گرینگ بگێڕێت.

 دواتر پەیامی ناوەندی ڕەوندی کوردی لە باشووری ئوسترالیا بەو بۆنەیەوە لەلایان "فەخرەدین گەرمیانی" خوێندرایەوە.

هەروەها "سەلاح پورئەسەد" ئەندامی کۆمیتەی گشتیی حیزب لە ئوسترالیا پەیامی حیزبی بەو بۆنەیەوە پێشکەش کرد و لەو پەیامەدا باسی زەرەر و زیانەکانی دابڕان و قازانجەکانی یەکگرتنەوەی کرد و داوای لە گەنجە خوێندەوارەکان کرد کە بێنە نێو ڕێزەکانی حیزبەوە تا بەم شێوەیە بتوانین زیاتر کێشەی ڕەوای گەلەکەمان بە گوێی کاربەدەستانی  ئوسترالیا بگەیەنین. 

پاشان پەیامی ناوەندی ھاوکاریی ھێزەکانی کوردستانی لەلایان "لالۆ سیانی" پێشکەش کرا.

ڕێوڕەسمەکە بە شایی و خۆشیی بەشداربووان کۆتایی پێ هات.