کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: بەم زووانە خەڵک کۆتایی بە دڕندەییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەهێنن

19:26 - 7 رەزبەر 2722

 مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک ڕوو بە چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگەی کوردستان و ئێران ڕایگەیاند کە خەڵک بەم زووانە کۆتایی بە دڕندەییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەهێنن.

دەقی پەیامی مستەفا هیجری:

خەڵکی مافخوازی ئێران!

ژنانی سەربەست و ئازادیخواز!

لاوانی خەباتگێڕ و نەسرەوتوو!

لە ڕۆژانی سەخت لە خەبات و تێکۆشانی ئێوە لەدژی ڕێژیمی تێرۆر و تاریکیی کۆماری ئیسلامی و، بەدوای چەند دەیە خەباتی نابەرانبەری ئێوە لەگەڵ ڕێژیمێک کە هەموو سەروەت و سامان، کەرامەت و ئازادی و شوناس و بە گشتی هەموو بوونی ئێوە داگیر و بەتاڵانی بردوە؛ لە ئێستادا و لە جەنگەی بەربەرەکانێی چارەنووسساز کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی بەتەواوی داماو کردوە، ئەوە ئێوە قارەمانانی ئەو خەباتە لە سەرشەقامەکان، لە زیندانەکان، لە زانکۆ و قوتابخانەکان و لەهەر جێیەک هەن؛ کۆتایی بە دڕندەییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەهێنن.

هەموو پێشکەوتنەکانی ئێستا لەدژی کۆماری ئیسلامی لە حاڵێک‌دایە کە ڕێژیم لەڕووی داماوی و ناهۆمێدی و بە مەبەستی خۆڕزگارکردن لە زەلکاوێک کە بۆخۆی دروستی کردوە، وەک هەمیشە ژینا و ژیناکان دەکوژێ، بنکە و شوێنی نیشتەجێبوون و قوتابخانەی بنەماڵەی هاوخەباتەکانی ئێوە، واتە پێشمەرگەکانی کوردستان بە چەکی هەرەقورس و کۆمەڵکوژ دەکاتە ئامانج؛ ئەو چەک‌وچۆڵانەی کە بە پووڵ و سامانی ئێران کە هەمووی ئی ئێوەیە کڕیویەتی و لەدژی ئێوە لە قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستاندا بەکاریان دێنێ.

ئێستا بەجێیە کە هەموو ئێمە یەکگرتوو و هاودەنگ پێکەوە بە مانگرتنێکی سەرانسەری کە لە ڕۆژی شەممە، ٩ی ڕەزبەری ١٤٠١ەوە دەست پێ دەکات؛ وێڕای پشتیوانی لە مانگرتنی مامۆستایان، خوێندکاران و قوتابییان کۆتایی بە تەمەنێک پیلان و درۆی کۆماری ئیسلامی بێنێن و بە دنیای پێشان بدەین کە ئێمە شایانی ژیانێکی سەردەمیانەین.

سەرکەوتن ئی ئێمەیە.

مستەفا هیجری

بەرپەرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٤٠١/٧/٧