کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی دە حیزب و ڕێکخراوی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نۆروێژ

11:43 - 8 رەزبەر 2722

ڕۆژی پێنجشەممە، ٧ی ڕەزبەر نوێنەرانی کۆمیتەکانی دە حیزب و ڕێکخراوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دەفتەری کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەڤەری ئۆسلۆ کۆ بوونەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا وێرای مەحکوومکردنی هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکە و کەمپەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شەهید و برینداربوونی دەیان کەس لە ژن و منداڵ و پێشمەرگەکانی ئەو هێزانە، پێداگری لەسەر پێویستیی یەکگری و هاوهەڵوێستی پتر سەبارەت بە پلان و بەرنامەڕێژی بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران و بەرێوەبردنی خۆپێشاندانەكان لە نۆروێژ کرا. 

لەو کۆبوونەوەیەدا تێکڕای بەشداران پێداگریان لەسەر ئەوە کردەوە کە لەو کات و ساتەدا کە رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران دەگەڵ خرۆشانی جەماوەریی گەلانی ئێران بەرەوروو بووەتەوە، پێویستە ئێمە هێز و لایەنەکانی کوردی بە یەکدەنگ و یەکگرتووتر بەشداری خۆپێشاندان و رێپێوانەکان لە نۆروێژ بین و هەوڵ بدەین بە هێما و شوناسی کوردستانی لەگەڵ حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ئێرانی هاوکاری و چالاکی بەرێوە بەرین کە هەر بۆ ئەو مەبەستەش چەند بڕیاری پێویست پەسەند کران.

ئەو حیزبانەی بەشدارییان لەو کۆبوونەوەیەدا کردبوو، بریتی بوون لە:

- کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران 

- کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان 

- سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران 

- ڕێکخراوی خەباتی شۆڕشگێڕی کوردستان 

- پارتی سەربەخۆیی کوردستان 

- پارتی ئازادی کوردستان 

- پارتی سەربەستی کوردستان

- پارتی ژیانی ئازادی کوردستان 

- حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران