کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری هەیئەتی پێوەندییەکانی حدکا لە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتی سوید

15:12 - 8 رەزبەر 2722

ڕۆژی پێنج شەممە ٧ی ڕەزبەری ١٤٠١، هەیئەتێکی پێوەندییەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران پێکهاتوو لە بەڕێزان "حەمید تەیموری" و "باسکار نژادیان" سەردانیی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتی سویدیان کرد و چاویان بە بەڕێزان "پێترا ئاندرسۆن" و "فیلیپ ئالبووم" لەگەڵ دوو کارمەندی دیکەی وەزارەت کەوت.

لەو دیدارەدا بە تێروتەسەلی باسی هێرش سپای پاسداران بۆ سەر بارەگا و شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی سڤیل و پەنابەرانی سیاسی کرا کە بووەتە هۆی شەهید و بریندار بوونی کۆمەڵێک ژن و مناڵ و ئەندامانی حیزبی.

لەو دانیشتنەدا باس لە کارەساتیی کوشتنی ژینا ئەمینی و شەپۆلی مانگرتن و خۆپیشاندانەکان بۆ ناڕەزایەتی‌دەربڕین بەو جینایەتەی ڕێژیم کرا و گوترا کە چۆن ناڕەزایەتیی هێمنانەی خەڵک لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە توندوتیژی تێکەوت و ڕێژیم بە هەزاران کەسی دەسبەسەر کردوە و بە کوشتن و بریندارکردنی سەدان کەس دەیەوێ ناڕەزایەتییەکان دامرکێنێتەوە.

لەو دانیشتنە دۆستانەیەدا هەیئەتی حیزب بۆ نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوە باسییان لەوە کرد کە باڵوێزخانەکانی ڕێژیم لە دەرەوەی وڵات بەتایبەت لە وڵاتی سوید بۆتە جێگای سیخوڕی و تەنانەت لە خۆپێشاندانەکانی دەرەوەش دا بەشێوەی نێوخۆی ئێران، هەڕەشە لە خەڵک دەکەن و فیلم و وێنەی خۆپێشاندەران دەگرن، ئەو ڕێژیمە پێشتریش لەم وڵاتە هاونیشتمانییانی وەک کامران هیدایەتی، کەریم محەمەدزادە و عیفەت قازییان تێرۆر کرد و مەترسی ئەوە هەیە ئەم کردەوە تیرۆریستییانە دووبارە دەست پێ بکرێنەوە. هەر بۆیە دەبێ زیاتر لە جاران ئەو هێلانە سیخوڕییانە بخرێنە ژێر چاودێری و کۆنتڕۆل بکرێن.

لەو دیدارەدا شاندی خانەخوێ باسیان لەوە کرد کە بە هەستیارییەوە بەدواداچوون بۆ بارودۆخی ئێران و کوردستان دەکەن.