کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ بەبۆنەی یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی بلژیک بەڕێوە چوو

18:50 - 14 خەرمانان 2722

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٢ی خەرمانان ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ بە بەشداریی ئەندامان، لایەنگران و نوێنەری حیزب و لایەنە سیاسیی کوردستانی و ئێرانییەکان، جێژنی یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات لە شاری "گێنتـ"ـی وڵاتی بلژیک بەڕێوە چوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی و دوژمنبەزێنی "ئەی ڕەقیب" و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆحی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

لە بڕگەی یەکەمی ڕێوڕەسمەکەدا سەرەتا پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لەلایەن "ئەحمەد عەبدۆیی" پێشکەش کرا.

دواتر "دارا ناتق" بە نوێنەرایەتیی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی بلژیک بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد.

پاشان نوێنەری حیزب و لایەنە سیاسیی کوردستانی و ئێرانییەکان پەیامی خۆیان بەو بۆنەوە پێشکەش کرد و پیرۆزبایی یەکگرتنەوەی حیزبیان کرد.

لە کۆتایی بڕگەی یەکەمی ڕێوڕەسمەکەدا "کاوە ئاهەنگەری" وێڕای پیرۆزبایی یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات گرینگیی ئەو یەکگرتنەوە و کاریگەریی ئەو پرسەی لەسەر بەرەوپێشچوونی خەبات لەسەر ئاستی کوردستان و ئێرانی بۆ ئامادەبووان خستە بەر باس.

لە ڕێوڕەسمەکەدا نوێنەری کۆمەڵێک حیزب و لایەنی سیاسی بەشدار بوون و پەیامی پیرۆزباییان پێشکەش کرد کە بریتی بوون لە:

ــ پارتی یەکیەتیی دێموکراتی کورد لە سووریە 

ــ لێژنەی ناوچەی بلژیکای پارتی دێموکراتی کوردستان

ــ کۆمیتەی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان لە وڵاتی بلژیک

ــ شورای ئەحزابی چەپی ئێران

ــ کۆماریخوازانی سێکۆلار دێموکراتیک

ــ حیزبی سەوزەکانی ئێران

ڕێوڕەسمەکەدا بە شایی و هەڵپەڕکێی بەشداران کۆتایی پێ هات.