کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی نوێنەری حیزبی دێموکرات لە کۆبوونەوەی پارتی سوسیال دێموکراتی سوید لە شاری ڤێسترۆس

15:14 - 15 خەرمانان 2722

نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر بانگهێشتی پارتی سوسیال دێموکراتی سوید، لە کۆبوونەوەیەکدا لە ژێر ناوی "کورد بەشێکی گرینگی کۆمەڵگەی سویدە" که بۆ حیزبە کوردیەکانی سوید پێک هاتبوو؛ بەشداری کرد.

ڕۆژی یەکشەممە، ١٣ی خەرمانان"مووژدە عەزیزی" نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە  کۆبوونەوەیەک لە ژێر ناوی "کورد بەشێکی گرینگی کۆمەڵگەی سویدە" کە بۆ حیزبە کوردیەکانی سوید پێک هاتبوو، بەشداری کرد.

 مەبەست لەو کۆبوونەوە، تاوتوێکردنی هەڵبژاردنی ئێستای سوید و دۆخی کورد لە چوارچێوەی دوایین ڕووداوە سیاسیەکاندا و هەروەها گرینگیی ڕۆڵی کورد لە نێو پارتی سوسیال دێموکراتەکاندا بووە.

لەو کۆبوونەوەیەدا، پارلمانتاران "ئوللێ تورێل و ئۆسە ئێریکسۆن" بەشدار بوون.

ناوبراون سەرەتا باسێکی کورتیان لەسەر پێوەندیی دۆستانە و لەمێژینەی حیزبەکەیان لەگەڵ کورد و بەردەوامیی ئەو پەیوەندیانە و هەروەها باسیان لە ڕۆڵی گرینگی کورد لە گۆڕەپانی سیاسیی وڵاتی "سوید"دا کرد.

 بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تەرخان کرابوو بە پەیوەستبوونی سوید بە ڕێکخراوی "ناتۆ"، بۆ پاراستن و ڕەچاوکردنی بەرژوەندیی وڵات و هاووڵاتیانییان لە بواری سەربازی.

لە کۆبوونەوەکەدا بەرپرسی ناوچەی "ڤێستمەلاند" و شارەوانیی "ڤێسترۆس" ئامادە بوون کە باسێکی کورتیان سەبارەت بە گرینگیپێدانی سوسیال دێموکراتەکان بەو ناوچانەی کە پەنابەرنشینن پێشکەش کرد.

هەروەها جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەوان بە خۆشحاڵییەوە دەیانهەوێ کاری هاوبەش لەگەڵ حیزب و ڕێکخراوە کوردییەکان بکەن.

بەشی پێوەندیەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سوید لەو کۆبوونەوەدا، بە تێروتەسەلی سەرنج و ڕوانینەکانی حیزبی دێموکرات و چاوەڕوانییەکانی ڕەوندی کوردی لە چەند خاڵێکدا هێنایە گۆڕی کە بۆیان جێگای سەرنج بوو و هەروەها بەڵێنیاندا لە داهاتوودا، کار بکەن بۆ باشترکردنی پێوەندییەکان.