کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وانەکانی دابڕان و یەکگرتنەوە

12:02 - 16 خەرمانان 2722

مەنسوور مروەتی

پاش نزیک دوو ساڵ وتووێژ و هەوڵدان بۆ ڕێککەوتن، ڕۆژی ٣٠ گەلاوێژی ئەوساڵ دوو لایەنی حیزبی دێموکرات لە ڕێوڕەسمێکدا لە شاری کۆیەی باشووری کوردستان یەکگرتنەوەی خۆیان ڕاگەیاند. لانیکەم لەم دوو دەیەی ڕابردوودا جیا لە ٢١ی خەرمانانی ٩٧ ڕۆژی مانگرتنە سەرتاسەرییەکەی خەڵکی کوردستان لە کاردانەوە بە مووشەک‌باران کردنی قەڵای دێموکرات، هیچ ڕۆژ و بۆنەیەکی دیکە هێندەی ٣٠ی گەلاوێژ گرینگ، سەرنجڕاکێش و مایەی خۆشحاڵی و هیواداریی خەڵک نەبووە.

 لە ڕاستیدا لە دوای لێکترازانی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات لە ١٥ی سەرماوەزی هەشتا و پێنجەوە خەڵکی کوردستان و بەتایبەت ئەندام و لایەنگران و دڵسۆزانی حیزب چاوەڕێی ئەم ڕۆژە مێژووییە بوون و دوای شازدە ساڵ دڵەڕاوکێ و چاوەڕوانی حەقی خۆیان بوو کە هێندە بەو هەواڵە دڵخۆش بن و شایی لە دڵیاندا بگەڕێ.

بێگومان مێژووی سیاسیی گەلان لەم جۆرە ڕووداوانەی زۆر بە خۆیەوە بینیوە و مێژووی بزووتنەوەی کوردیش لەوەبەدەر نییە، بەڵام خاڵی جێی سەرنج لەم لێکترازانەی دێموکراتەکان ئەوە بوو کە خەڵک بە شێوەیەکی گشتی دانیان بەم لێک‌جیابوونەویە نەنا و لەوەش ئەولاتر هیچکات بە بەراورد لە گەڵ لێکترازانی نێو حیزبەکانی دیکە لە هەر چوار بەشەکەی کوردستان، بە قەد دێموکراتەکان داوای یەکگرتنەوە لە هیچ کام لەوان نەکرا. خەڵک لە هەر کوێی کوردستان و لە دەرەوەی کوردستانیش کە تووشی کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی ڕێبەریی هەردوولای دێموکراتەکان بووبن، پێش هەموو شتێک لە یەکگرتنەوەی دێموکراتیان پرسیوە. ئەم بابەتە هەم جێگای دڵخۆشی و هەم نیشانەی سەنگ و پێگەی حیزبی دێموکرات لەنێو خەڵک و بزووتنەوەی کوردستان و لەوەش گرینگتر نیشانەی باری قورسی بەرپرسایەتیی حیزبی دێموکرات لەو ڕەسالەتە مێژوووییەیە کە کەوتووتە سەرشانی. کەواتە چۆن دەیتوانی و چۆن دەتوانێ ڕەسالەتە مێژووویەکەی بە باشی بگەیەنێتە ئەنجام ئەگەر یەکگرتوو نەبا و ئەگەر یەکگرتووانە بەرەو داهاتوو هەنگاو نەنێ؟!  

ئەگەرچی ئەو لێکدابڕانە زۆری خایاند و زۆرێک لە دڵسۆزانی حیزبی دێموکراتی دڵنیگەران و تەنانەت بێ‌هیوا کرد بەڵام باسکردن لە یەکگرتنەوە و وەسەریەک‌کەوتنەوەی دێموکراتەکان هیچکات لە کۆڕ و کۆبوونەوەی دێموکراتەکاندا غایب نەبوو. لەگەڵ ئەوەی ئەو شانزە ساڵە وەکوو دوو حیزب لە چالاکیی خۆیان بەردەوام بوون، بەڵام بەردەوام بیریشیان لەوە دەکردەوە کە چی بکەن جارێکی تر ئەم دوو لایەنە یەک بخەنەوە و بیکەنەوە بە یەک حیزب. خاڵی جێی سەرنج لەم بەشەدا ئەوە بوو کە سەرەڕای دڵسۆزی نواندنی دۆستان و هۆگرانی حیزب لە کوردستان و لە دەرەوەی کوردستان، دوو لایەنی دێموکرات خۆیان قۆڵی هیممەتیان لێ هەڵماڵی و هەر بۆخۆیان و لەنێو ماڵی خۆیاندا دانیشتن و بە قسە و گفتوگۆ ڕێک کەوتن و بە سەر کێشەکاندا سەرکەوتن.

یەکگرتوویی، یەکڕیزی و تەبایی و پێکەوەبوون لەو دەستەواژە جوان و پێویستانەی نێو کۆڕی خەباتی گەلانن کە بەداخەوە زۆر جار بە هۆی وێکهەڵنەکردن و پەرتەوازەیی، پێچەوانەکەی نیشان دراوە. مێژووی سیاسیی کوردیش لەو دەردە بێبەری نەبووە و هەر ئەو پەرتەوازەیی و نایەکگرتووییە دەرفەتی زۆر باشی لە کیس بزووتنەوەی کورد داوە و ئەنجامی زیانباری بۆ گەل لێ کەوتووتەوە. وای لێ هاتووە کە ئەم دەستەواژانە لە ئێستادا بوونەتە دەستەواژەیەکی سواو و بێ‌نێوەرۆک، بەڵام دێموکراتەکان بە هەموو لایەکیان پیشان دا کە ئەگەر ئیرادە و باوەڕ هەبێ، زۆر بەئاسانی دەتوانن ئەم هیوایەی گەل وەدی بێنن و لە جیاتی هەڵوەرینی فرمێسک، بزەی شادی بخەنە سەر لێوی گەل.

لەم یەکگرتنەوەیەدا بابەتێک کە زۆر جێگای سەرنج بوو و حەقە تیشکی زیاتری بخرێتە سەر، ئەوە بوو کە دەریخست دانیشتن و دیالۆگ بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان بەبێ گوشاری کەس و لایەنی دەرەکی، وانەیەکە کە لە یەکگرتنەوەی دێموکراتەکاندا بۆ لێفێربوون دەبێ. چونکە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر چ لە ڕابردوودا و چ لە ئێستادا و بەتایبەتی لە دنیا ئەمڕۆدا ئەوەیە کە کەس خەمی بەرژەوەندییەکانی هیچ گەلێک ناخوا، ئەگەر ئەو گەلە خۆی مشوورێک لە خۆی و دەرد و ئازارەکانی خۆی نەخوا و واز لە پەرتەوازەیی و نایەکگرتوویی نەهێنێ.

کە چاو لە مێژووی دوورودرێژی حیزبی دێموکرات دەکەی لەگەڵ ئەوەی لە زۆر قۆناغدا کار و کردەوە و سیاسەت و هەڵوێستە دروستەکانی ئەم حیزبە خاڵی وەرچەرخانی نێو بزووتنەوەی کوردستان بووە، بەڵام بەداخەوە ئەم حیزبە گەورە و گرانەش لەو سەرئێشە نێوخۆییانە بێبەری نەبووە و لە گەڵ ئەوەشدا بەشێکی زۆری کادر و پێشمەرگەی ئەم حیزبە و بەتایبەتی سەرکردایەتییەکەی چەند ساڵێکی کەم نەبێ لە سەر خاکی خۆیان نەژیاون؛ بەڵام بەوحاڵەش پاش چەندین دەیە هێشتا هەر بەنفووزترین و خۆشەویستترین حیزبی کوردستانە. ئەم خۆشەویستی و نفووز و ئیعتبارەی حیزبی دێموکراتیش لەخۆڕا نییە، ئاخر کادر و پێشمەرگە و ڕێبەریی ئەم حیزبە چ لە کاتی پێکەوە بوون و چ لە کاتی لێکترازانیشدا هێندەیان زەحمەت و کوێرەوەری بۆ خەڵکی خۆیان چەشتوە کە خەڵکیش ناتوانن بەئاسانی لە دڵی خۆیان جیا بکەنەوە. خۆ ئەگەر وا نەبا ئەو هەموو ساڵە خەڵک وازیان لە داوای یەکگرتنەوە دەهێنا و ڕووشیان لە دێموکراتەکان وەردەسووڕاند، بەڵام خۆشەویستی ئەم حیزبە لە دڵی خەڵکدا وای کرد کە دڵسۆزانی دێموکرات کۆڵیان نەدا تا ٣٠ی گەلاوێژیان بە چاوی خۆیان نەدی.

ئێستا کە ئەو ئاواتەی خەڵکی کوردستان و دێموکراتەکان هاتووتە دی،

پێش هەموو کەس خودی دێموکراتەکانن کە دەرکیان بەو ڕاستییانەی سەرەوە کردووە و باش دەزانن کە هەنگاوی گەورەیان بەرەو داهاتوو و بەئەنجام گەیاندنی ڕەسالەتی مێژوویی حیزبەکەی پێشەوا قازی محەممەد ئەوەیە کە لە کێشە و کەموکوڕییەکانی ڕابردوو دەرس وەربگرن.

بۆ گەیشتن بەو مەبەستە لەسەر دێموکراتەکان ئەرکە شان بدەنە بەر ئەو بەرپرسایەتییەی کە لە یەکەم خاڵی ڕیكکەوتنەکەیاندا باسیان کردوە.

''بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە تایبەت بنەماڵەی گەورەی دێموکرات بە هۆی لێکدابڕانی ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ١٥ی سەرماوەزی  ساڵی ١٣٨٥ تووشی زەرەری گەورە بوون. بۆیە هاوکات لە گەڵ پێداگری لە سەر ئەوەی کە هەر دوولا، لە زیان پێگەیشتن و تێکچوونی یەکیەتیی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات لە ڕابردوودا، خۆیان بە بەرپرسیار دەزانن، یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان و پاراستنی یەکیەتیی ڕیزەکانی حیزب لە داهاتوودا ئەرک و بەرپرساریەتی هاوبەشی هەمووانە و پێویستە لە ئەزموونە ناخۆش و زیانبارەکانی ڕابردوو دەرس وەربگرن و پێش بە دووپاتبوونەوەیان بگرن."